هه‌سه‌ده‌ هۆشداریى به‌حكومه‌تى سوریا ده‌دات

کوردستان

07/05/2025‌ 4388 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هێزەکانى سوریاى دیموکرات دژى دیاریکردنى حاتەم ئەبو شەقرا وەک فەرماندەى سەربازى ڕۆژهەڵاتى سوریا هاته‌ده‌نگ‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "شوێنى ئەو جۆرە کەسانە زیندانە نەک پێگەى هەستیارى دەوڵەت"، وته‌بێژى هه‌سه‌ده‌ش ده‌ڵێت:"ئه‌و هه‌نگاوه‌ى سوریا قبوڵناكه‌ین".


فەرهاد شامی وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) له‌په‌یامێكدا ده‌ڵێت:"دانانی تاوانباران لەپۆستە هەستیارەکان لەسوریای نوێدا، هەنگاوێکی نەرێنی‌و قبوڵنەکراوەو دامەزراوەکانی دەوڵەت گڵاو دەکات".

شامی، لەتۆڕی كۆمەڵاتی ئێكس نوسیویه‌تى، "تاوانبار ئەبو حاتم شەقرا کە چەندین تاوانی ئەنجامداوە، لەوانە، تیرۆرکردنی شەهید هێڤرین خەڵەف، پێویستە لەناو قەفەسی دادگادابێت نەک دامەزراوە فەرمییەکان، پێویستە بەرپرسان هەنگاوی بوێرانە بنێن بۆ لێپێچینەوە لێیان لەبەرامبەر تاوانەکانیان".

 هەڤرین خەڵەف ئەمینداری گشتیی حزبی سوریای ئاییندە بوو، ئێوارەی ڕۆژی 11ى 10ى 2019 لەکاتێکدا بەڕێگه‌ی گشتیی نێودەوڵەتی بەرەو قامیشلۆ دەچوو، کەوتە بۆسەیەکی گروپه‌كانى سه‌ر به‌توركیا كه‌ حاتەم ئەبو شەقرا به‌رپرسیان بوو، شەهیدكرا.

هەڤرین ساڵی 1983 لەشارۆچکەی دێرکی ڕۆژئاوای کوردستان لەخانەوادەیەکی نیشتمانپەروەر لەدایکبوە، خوشکێکی شەهیدەو دایکیشى یەکێکبوە لەوکەسانەی لەڕیزەکانی پەکەکەدا کاریکردوەو چه‌ندینجاریش چاوی بەعەبدوڵڵا ئۆجەلان کەوتوە، هەڤرین کۆلێژی ئەندازیاری کشتوکاڵی لەحەڵەب تەواوکردوە.

شامى ڕایگه‌یاندوه‌، "تاوانبارێک لەناوخۆدا داواکراوەو لەئاستی نێودەوڵەتیدا سزادراوە، بەهۆی ناوبانگی خراپیەوە ناتوانێت جێگەی تاوانبارانی پێشوو بگرێتەوە، بەڵکو دەبێت بچێتە پاڵیان‌و هەمان چارەنوسی ئەوانی هەبێت".

ئەحمەد ئیحسان فەیاز ئەلهایس ناسراو ئەبوشەقرا، لەچەند ڕۆژی ڕابردودا لەلایەن مورهف ئەبو قەسرە وەزیری بەرگری سوریاوه‌، بەفەرماندەی فیرقەی (86)ى سوپای نوێی سوریا لەحەسەکەو دێره‌زورو ڕەققە دەستنیشانکرا.

ئەبو شەقرا فەرماندەی پێشوی گروپی ئەحرار ئەلشەرقیە بوەو لەلایەن توركیاوە پاڵشتیدەكرێت، دەوترێت خاوەنی بڕوانامەی شه‌شى بنەڕەتی بوە، بەڵام دواتر وەك بەشێك لەفەرماندە سەربازییەكانی نوێكانی سوریا، لەساڵی 2023 بڕوانامەی زانکۆی لەزانستە سیاسییەکان‌و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەزانکۆی ماردین لەتورکیا بەدەستهێناوە.

لەمانگی تەمموزی ساڵی 2021یشه‌وه‌ خراوەتە لیستی سزاکانی ئەمریکاوە، کاتێک وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا تۆمەتباریکرد بەسەرپەرشتیکردنی زیندانێکی سەر بەئەحرار ئەلشەرقیە لەگوندەواری حەلەب کە به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ لەساڵی 2018وه‌ چەندین پرۆسەی لەسێدارەدانی مەیدانی‌و ئەشکەنجەدانی دەستگیرکراوەکانی  تێدا ئەنجادراوەو بەپێشێلکاریی توندو سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤ تۆمەتباركراوە.