چاودێرانی سەربازیی: هیندستان توشی شۆکێکی سەربازیی بێپێشینە بوە

جیهان

24 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 854 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:


رۆژی چوارشەممە پێشکەوتنێکی سەربازیی بێ وێنەی لە کیشوەری هیندستاندا بەخۆیەوە بینی، بەوپێیەی پاکستان خستنەخوارەوەی پێنج فڕۆکەی جەنگیی هیندستانی ڕاگەیاند کە سێ فڕۆکەی جەنگیی ڕافالی فەرەنسی لەنێویاندا بوو. ئەمە یەکەم شەڕی ڕاستەوخۆ بوو کە تەکنەلۆژیای سەربازیی چینی بەتەواوەتیی تێیدا بەشدار بوو.

ئەو ئۆپەراسیۆنەی هیندستان دەستیپێکرد بە ناوی  "سندوڕ"، پێگەکانی پاکستانی لە کشمیر و دەوروبەری موزەفەر ئاباد کردە ئامانج کە گوایە کەمپی تیرۆریستی تێدایە. فڕۆکە جەنگییەکانی ڕافالی فەرەنسی و فڕۆکەی جەنگی میگ-29 و سوخۆی-30ی ڕووسی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیلی هێرۆن بەشدارییان لە هێرشەکەدا کرد و بە کەڵک وەرگرتن لە مووشەکی SCALP و بۆمبی وردپێک.

بەپێی هەواڵێکی کەناڵی سی ئێن ئێن، هێرشەکە کە بە "دڕندە و سەرسوڕهێنەر" وەسف کراوە، 26 پاکستانی کوژراون کە کچێکی تەمەن سێ ساڵان بووە و 46 کەسی دیکەش برینداربوون، بەڵام گەورەترین سەرسوڕمان وەڵامی پاکستان بوو، چونکە هێزی ئاسمانیی پاکستان ڕایگەیاند کە هەموو فڕۆکە بەشداربووەکانی خستۆتە خوارەوە، ئەمەش هەنگاوێکی بێ وێنەیە.

 

ئەو فڕۆکە کەوتووەتە خوارەوە بریتی بوون لە: 3 فڕۆکەی رافالی فەڕەنسیی، فڕۆکەیەکی سوخۆی 30 و فڕۆکەیەکی مێگ 29، جگە لە چەندین فڕۆکەی بێفڕۆکەونای هیرۆنی درووستکراوی ئیسرائیل.
ئەمە یەکەمجارە لە مێژوودا فڕۆکەیەکی جەنگی ڕافال لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ڕاستەوخۆی ئاسمان بۆ ئاسماندا بخرێتە خوارەوە، ئەمەش گورزێکی بەرچاوە بۆ پیشەسازیی چەکی فەرەنسا و کۆمپانیای فڕۆکەوانیی داسۆ.

ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە، پاکستان پشتی بە چەکی ئاسایی ئەمریکی و ڕووسی نەبەست، بەڵکو سیستەمی بەرگریی ئاسمانی چینی HQ-9B و HQ-16 و LY-80ی بەکارهێنا، لەگەڵ فڕۆکە جەنگییە پێشکەوتووەکانی چینی J-10C و JF-17 Thunder کە لەلایەن کۆمپانیای فڕۆکەوانیی چێنگدو درووستکرابوون.

ئەم دەستکەوتە سەربازییە پشکەکانی چێنگدوی بە ڕێژەی 18% لە یەک ڕۆژدا بەرزکردەوە، ئەمەش نیشانەیەکی ڕوونە بۆ گۆڕانی متمانەی نێودەوڵەتیی بەرەو چەکی چینی وەک ڕکابەرێکی ڕاستەقینەی تەکنەلۆژیای ڕۆژئاوایی.

شۆکەکە لە سنوورەکانی هیندستان و پاکستان نەوەستا، بەڵکو بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست درێژبووەوە. بەپێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، میسر لە ئێستاوە خاوەنی هەمان سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی چینییە، جگە لە فڕۆکە جەنگییەکانی JF-17 کە لە ساڵانی ڕابردوودا بە فەرمی وەریگرتووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی فەرمیی ئیسرائیل، خاوەندارێتی میسر بەو سیستەمە بە "مەترسییەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر باڵادەستیی ئاسمانیی ئیسرائیل لە ناوچەکە" وەسفکراوە، ئەمەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ پەرەسەندنی نیگەرانییەکانی تەلئەبیب.

تەنیا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر میسر و چین مانۆڕێکی سەربازیی هاوبەشیان ئەنجامدا بەناوی "هەڵۆکانی شارستانیەت 2025"، لەو ماوەیەدا فڕۆکە جەنگییەکانی چینی JF-17 بینران کە بەسەر هەڕەمەکاندا دەسوڕانەوە، نمایشێکی ڕەمزییە و سەرنجی شرۆڤەکارانی سەربازیی ڕاکێشا.

چاودێران پێیان وایە ئەوەی ڕوویدا تەنها پێکدادانێکی سنووردار نییە لە نێوان هیندستان و پاکستاندا، بەڵکو خاڵی وەرچەرخانە لە هاوسەنگیی سەربازیی جیهانیدا، کە بوونی چین وەک هێزێکی سەربازیی هەڵکشاو کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا ڕکابەری ڕۆژئاوا دەکات، بەهێزتر دەکات.

ئەم پێشهاتانە پرسیاری گەورە دەوروژێنن سەبارەت بە داهاتووی هاوپەیمانییە سەربازییەکان و تا چەند باڵادەستیی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام دەبێت، بەتایبەتیی لەگەڵ دەرکەوتنی جێگرەوەی چینی کە لێوەشاوەیی خۆیان لەسەر زەوی سەلماندووە.