شیعه‌كان دژى توركیا هاتنه‌ده‌نگ... توركیا 140 کیلۆمەتر هاتوه‌ته‌ عێراقه‌وه‌و نزیكه‌ى 70 بنكه‌ى سه‌ربازیشى هه‌یه‌

عیراق

14/05/2025‌ 14082 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرکردەیەکی سەر بەهاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگیی لایەنە شیعییەکان ڕایگەیاند، دوای بڕیارەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ خۆهەڵوەشاندنەوەو کۆتاییهێنان بەخەباتی چەکداریی، دەبێت تورکیاش هێزەکانی لەناو خاکی عێراق بەرێتە دەرەوە.


عیسام شاکر سەرکردە لەهاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاند، "ڕاگەیاندنەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ  خۆهەڵوەشاندنەوەو داماڵینی چەکەکەی، وەرچەرخانێکی بەرچاوە کە پێیوستە تورکیا سێ هەنگاو لەبارەی عێراقەوە بنێت".

وتیشى:"هه‌نگاوه‌كان بریتین له‌وەستاندنی لەشکرکێشییە سەربازییەکان بۆ سەر عێراق، دەستپێکردنی پرۆسەی خشتەی کاتیی بۆ کشانەوەی هێزەکانی، هەروەک هەماهەنگیی لەگەڵ حکومەتی عێراق بكات بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی سنورە هاوبەشەکان".

به‌وته‌ى ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ى هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی، "تورکیا ساڵانێکە بەبیانوی پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی خۆی، لەشکرکێشی سەربازیی بۆ سەر خاكى عێراق ئه‌نجامداوه‌، بەشێوەیەک لەشکرکێشییەکە بۆ نزیکەی 140 کیلۆمەتر لەقوڵایی خاكى عێراق درێژبوەتەوەو لەنێوان 60 بۆ 70 بنکەی سەربازیی دامەزراندوە، لەنێویاندا بنکەی گەورە لەنزیک بەعشیقە کە 25 کیلۆمەتر لەموسڵەوە دورە".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "بەردەوامیی بونی سەربازیی تورکیا ئیتر ڕەوا نییە، جەخت لەسەر چۆڵکردنی ئەو بنکانەو ڕێزگرتن لەسەروەری عێراق ده‌كه‌ینه‌وه‌".

هه‌ر له‌و ڕوه‌وه‌ یاسر وەتوت ئەندامی لیژنەی ئاسایش‌و بەرگریی لەپەرلەمانی عێراق بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی بەهەنگاوێکی ئەرێنی بەرەو سەقامگیریی‌و بەهێزکردنی سەروەریی عێراق وەسفکرد.

وەتووت داواشی لەحکومەتی عێراق کردوە ڕێوشوێنی دیپلۆماسیی بەپەلە بگرێتەبەر بۆ دەستەبەرکردنی کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانی تورکیا.

جەختیشیکردوه‌تەوە، قۆناغی داهاتوو سەقامگیریی ڕێژەیی بەخۆوە دەبینێت کە پاڵپشتی بەدیهێنانی ئاشتیی لەعێراق‌و ناوچەکە دەکات.