ڕوسیا: له‌ناوچه‌كه‌ ته‌نها ئیسرائیل چه‌كى ئه‌تۆمى هه‌یه‌

جیهان

23/06/2025‌ 1956 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ئاشکرایکرد، ئیسرائیل تاکە وڵاتی ناوچەکەیە کە خاوەنی چەکی ئەتۆمییە، هەروەها بەهاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا ئێران بۆردوماندەکات، لەکاتێکدا ئێران چەکی ئەتۆمی نییە.


ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا، لەکەناڵی خۆی لەتێلیگرام بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ تاکە وڵاتێک لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبێت کە خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە ئیسرائیلە، بەشێوەیەک دەستپێشخەرییەکان پشتگوێدەخات کە ئامانج لێیان دامەزراندنی ناوچەیەکی بێ چەکی ئەتۆمییە.

باسی لەوەشکرد، ئێستا ئیسرائیل بەهەماهەنگیی لەگەڵ ئەمریکا ئێران بۆردوماندەکات، لەکاتێکدا ئێران خاوەنی چەکی ئەتۆمی نییە.

بەرەبەیانیی دوێنێ یەکشەممە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا هەرسێ بنکەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنزو ئەسفەهانیان لەئێران بۆردومانكرد.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاش، لەبارەی هێرشەکەیان بۆسەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، ڕایگەیاند، "هێرشە زۆر سەرکەوتوەکەمان بۆسەر سێ بنکە ئەتۆمییەکەی ئێران تەواوکرد، کە بریتیبون لەفۆردۆ، نەتەنزو ئەسفەهان".

وتیشی، "پیرۆزبایی لەجەنگاوەرە مەزنە ئەمریکییەکانمان دەکەین، هیچ سوپایەکی دیکە لەجیهاندا نییە کە بتوانێت ئەمە بکات، ئێستا کاتی ئاشتییە".

لەبەرامبەردا ڕوسیا سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەمریکای کردو بەپێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان‌و جاڕنامەی نەتەوەیەکگرتوەکان‌و بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێناسەی کرد.