شارەزایەکی ئەتۆمیی: هێشتا ئێران توانای دروستکردنی چەکی ئەتۆمیی هەیە

جیهان

23/06/2025‌ 3373 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شارەزایەکی نێودەوڵەتیی لەدەستپێشخەری ڕێگریی لەبڵاوبونەوەی چەکی ئەتۆمیی ڕایگەیاندوە، ئێران هێشتا توانای تیۆری هەیە بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمیی، سەرەڕای هێرشەکانی ئەمدواییەی ئەمریکا کە دامەزراوەکانی نەتەنز، ئه‌سفەهان‌و فۆردۆی کردە ئامانج.


هێنری سۆکۆلسکی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری سەنتەری پەروەردەی دەستپێشخەری نەهێشتنی بڵاوبونەوەی چەکی ئەتۆمیی ڕونیکردوه‌تەوە، پیتاندنی یۆرانیۆم لە 60% بۆ 90% دەتوانێت تەنها دوو هەفتەو نیو بخایەنێت، تەنانەت بەبەکارهێنانی 12% سەنتەرفیوجی پێشکەوتوو.

جەختی لەوەکردوه‌تەوە، دروستکردنی بۆمب تەنانەت بەیۆرانیۆمی پیتێنراو بەڕێژەی 60% ئەگەرچی گەورەترو کەمتر کارابێت، دەکرێت.

ئێران ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوه‌، بەر لەهێرشەکە بڕێکی زۆر یۆرانیۆمی گواستوه‌ته‌وه‌، هاوکات وێنە مانگی دەستکردیش هاتوچۆی نائاسایی بارهەڵگرەکان لەنزیک فۆردۆ پێش هێرشەکە ئاشکرادەکات.

سەرەڕای لەناوچونی بەشێک لەدامەزراوەکان، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمیی ڕایگەیاندوە، هیچ دزەکردنێکی تیشکدانەوەی ئەتۆمیی دەستنیشان نەکردوە.

خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوەدەکەن، پێدەچێت ئێران خاوەنی ئەوەندە یۆرانیۆمی پیتێنراوبێت کە بتوانێت لەنێوان شەش بۆ 15 بۆمبی ئەتۆمیی دروستبکات، ئەگەربێت‌و ئاستی پیتاندن زیادبکرێت.

دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران نزیکەی 2000 سەنتەرفیوجی IR-6 لەخۆدەگرن، هەروەک مادە کیمیاییە پێشکەوتوەکانی وەک یۆرانیۆم هێکسافلۆراید بەکاردەهێنن، لەگەڵ ئامێرەکانی دروستکردنی کانزای یۆرانیۆم کە لەدیزاینی بۆمبی ئەتۆمیدا بەکاردەهێنرێت، ئەمەش وادەکات مەترسییەکە هەر لەئارادابێت سەرەڕای هێرشەکانی ئەمریکا.