ئێران دوای بێهیوابوونی لەڕوسیا، ڕو لەچین دەکات

جیهان

10 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 875 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:
 
راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاماژە بەوەدەکەن کە ئێران هەوڵدەدات بەشێوەیەکی بەرفراوان خۆی پڕچەک بکاتەوە سەرەڕای گوشارو گەمارۆ ئابوورییەکان، ئەویش لەڕێگەی ڕێککەوتنی ستراتیژیی لەگەڵ ڕووسیا و چین.

پێگەی دیفێنس نیوزی تایبەتمەند بە هەواڵە سەربازییەکان بڵاویکردۆتەوە، لە سەردانێکی ئەم دواییەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ مۆسکۆ، تاران ڕێککەوتنەکانی بۆ دابینکردنی کەرەستەی سەربازی پێشکەوتوو ڕاگەیاند، دواتر وەزیری بەرگری ئێران لە پەکین چەندین دیداری ئەمجامدا، ئەمەش زەمینە خۆش دەکات بۆ ئەوەی ئێران فڕۆکە جەنگییەکانی وەک J-10C و تەنانەت J-35 بەدەست بهێنێت، ئەمە جگە لەوەی تواناکانی لە بواری فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتوودا بەرز دەکاتەوە.

لە ڕووی بەرگری ئاسمانییەوە، ئێران بەدوای بەدەستهێنانی سیستەمی وەک HQ-9ی چینی و سیستەمی پێشکەوتووی ڕووسی وەک S-300 و S-400 و Buk-M دەگەڕێت بۆ بەرزکردنەوەی پاراستنی بواری ئاسمانی وڵاتەکەی.

پێگەکە باسی لەوەکردووە، ئەم هەنگاوانەی تاران لەژێر ڕۆشنایی کەموکوڕیەکانی سیستەمە بەرگرییەکانی ئێستایدا دێت، چونکە سیستمە ناوخۆییەکانی وەک خۆرداد 3 و خورداد 15 شکستیان هێناوە لە ڕێگریکردن لە هێرشە ئاسمانییە وردەکان، ئەمەش لاوازییەکی تەکنیکی ڕوون ئاشکرا دەکات.

ئەوەش هاتووە: سەرەڕای دواکەوتنی ڕادەستکردنی فڕۆکە جەنگییەکانی سو-35ی ڕووسی ئێران هەوڵدەدات بە کڕینی فڕۆکەی J-10Cی چینی قەرەبووی بکاتەوە  کە کاریگەری خۆی لە ململانێکانی ناوچەکەدا سەلماندووە، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی گونجانی لەگەڵ مووشەکی PL-15 .

هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل کە دامەزراوە گرنگەکانی ئێرانی کردە ئامانج، بوونی بۆشایی لە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئێرانی ئاشکرا کرد و تیشکی خستە سەر پێویستی بەپەلە بۆ داڕشتنەوەی ستراتیژی بەرگری ئێران، بەتایبەتی لەگەڵ پەرەسەندنی هەڕەشەکان و بەئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی دیارترین کەسایەتییە سەربازیی و زانستییەکانی ئێران.