ئەمریکا و ئیسرائیل هەلێکی نوێیان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەستکەوت

جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 567 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

هێشتا مشتومڕ لەسەر ئەوە هەیە کە ئایا هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە ڕاستیدا بەرنامە ئەتۆمییەکەی تارانی لەناوبردووە یان تەنیا پێشکەوتنەکانی بۆ چەند مانگێک دواخست. 

چاودێران باس لەوەدەکەن، ئەگەر ئێران بڕیار بدات بەرەو بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی هەنگاو بنێت، ئەوا گرەو لەسەر توانای خۆی دەکات بۆ تەواوکردنی پڕۆسەکە پێش دەستێوەردانی سەربازیی گریمانکراو لەلایەن واشنتۆن یان تەلئەبیبەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، دواخستنی ئەو بەرنامەیە بۆ چەند مانگێک، دەتوانێت کاتێکی پێویست بداتە نەیارانی ئێران بۆ دۆزینەوە و وەڵامدانەوەی پلانەکانی، ئەمەش ڕەنگە تاران لە ریسک کردن لەم کاتەدا ڕابگرێت. مایکل سینگ، بەرپرسێکی پێشوو لە ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکا دەڵێت، ئەم ماوەیە بوارێکی فراوان بۆ وەڵامدانەوەی کاریگەر دەڕەخسێنێت.
ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 بۆ ئەوە دانرابوو کە ئێران ساڵێک دوور بخاتەوە لە هەڵگرتنی مادەی پێویست بۆ دروستکردنی بۆمب لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزاکان، بەڵام مەترسی ئەوە هەیە کە هێرشەکەی ئەمدواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران هانی توندڕەوەکانی ناو دەسەڵاتی ئێرانی دابێت وەک رێگایەک بۆ مانەوەی رژێمەکە، پەنا بۆ درووستکردنی چەکی ئەتۆمی بەرن.

ئالان ئایر، دانوستانکاری پێشووی ئەمریکا، پێی وایە ئەگەر ئێران بڕیار بدات لە ئێستاوە چەکی ئەتۆمی دروست بکات، ئەوا کاتێکی زیاتری دەوێت لەچاو پێشوو، بەڵام ڕەنگە ئێستا مکوڕییەکی زیاتریان هەبێت بۆ بەدەستهێنانی ئەو چەکە. ئاماژەی بەوەشکرد، ڕەنگە ئێستا تاران هەوڵی بنیاتنانەوەی ستراتیژی بەرگریی نوێ بدات.

خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕەنگە ئێران ئەوەندە کەرەستە و ماددەی شاردبێتەوە کە بە خێرایی بگەڕێتەوە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم، ئەگەر بڕیار بدات، جگە لەوەی خاوەنی توانای پیشەسازی و تەکنیکییە بۆ ئەوەی لە ماوەی چەند مانگێکدا دەست بە پرۆگرامەکە بکاتەوە.

سەبارەت بە بژاردەکانی تاران بۆ بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیی ئەوە دەکرێت بژاردەکان بریتی بن لە: دروستکردنی بەرنامەیەکی ئەتۆمی نهێنی و خێراکردنی بەرهەمهێنانی بۆمب، بەڵام بژاردەی دووەم بەشداریکردن لە پرۆسەیەکی دیپلۆماسی کە توانا ئەتۆمییەکانی لە بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمیی کەمدەکاتەوە.

هەروەک ئێران دەتوانێت هەوڵی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکە بدات: بەشداری دیپلۆماسیی ئەتۆمی بکات و لە هەمان کاتدا بە هێمنی بەردەوام بێت لە پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی. ئەمەش بە مانای کارکردن بە نهێنی لە شوێنگەلێکی شاراوە لەدەستی پشکنەرە نێودەوڵەتییەکان، ئەمەش ئەرکەکە زیاتر ئاڵۆزتر دەکات.

بەپێی شیکارییەکی دامەزراوەی واشنتۆن، پەرەپێدانی کڵاوەی ئەتۆمی تەنیا بابەتی فیزیایی نییە، بەڵکو  پێویستی بە ئەندازیاری پێشکەوتوو و زانیاری تەکنیکی ئاڵۆز هەیە. 

هاوکات ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕێبەری باڵای ئێران تا ئێستا فەرمانی دەستپێکردنەوەی کارەکانی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی نەداوە، کە لە ساڵی 2003 وە بە فەتوایەک ڕاگیراوە.