لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەڵەبجە: ڕێگە بە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا نادرێت بێتە ناو سەنتەری شارەوە

کوردستان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 181 جار خوێندراوه‌ته‌وه



شارپرێس:

لیژنەی ئەمنی پارێزگای هەڵەبجە سەبارەت بە ماتۆڕسكیل و ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا لەڕاگەیاندراوێكدا رایگەیاند، دوابەدوای كۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنی لە پارێزگای هەڵەبجە، ئاڵوگۆڕی سەرنج و پێشنیازەكان لەبەر بەرژەوەندی گشتی و سكاڵا و داواكاری زۆری هاوڵاتیانی خۆشەویستی پارێزگاكەمان، چەند بڕیارێكی پەسەند كران.

لەراگەیەندراوەكەدا بڕیارەكان ئاشكراكراون:

یەكەم: دروستكردنی لیژنەیەكی ئەمنی هەمیشەیی تایبەت بە جێبەجێكردنی بڕیارەكانی لیژنەی ناوبراو لەسەرجەم لایەنە ئەمنیەكانی پارێزگاكە.

دووەم: سەبارەت بە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا، پێویستە ئەو شوفێرانەی ئۆتۆمبێلەكانیان بێ سەرەتان و تا كو ئێستا ناساندنیان بۆ نەكردووە لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور، بەشی جموجوڵ، لە ماوەی هەفتەیەكدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ناوبراو بكەن و ئۆتۆمبێلەكانیان بناسێنن، و پابەندی سەرجەم ڕێنماییەكانی هاتووچۆ بن لە پارێزگای هەڵەبجە.

سێیەم: سەبارەت بە ئۆتۆمبێلی جام ڕەش و ئەو ئۆتۆمبێلانەی بێ سەرەتان و جامیان ڕەشە، بە هیچ شێوەیەك ڕێگەپێدراو نییە و ئیجرائاتی تەواویان لە لایەن لیژنەی ئەمنییەوە لەگەڵدا دەكرێت.

چوارەم: سەبارەت بە ماتۆڕسكیل، بە تایبەت ئەو ماتۆڕسكیلانەی كە كاری دلیڤەری دەكەن، خاوەن كارەكانیان ئاگادار دەكەینەوە، لە شەقامی سەرەكیدا بە هیچ شێوەیەك ڕێگەپێدراو نییە ماتۆڕسكیلەكانیان پاڕك بكەن، بەڵكو پێویستە بخرێتە گەراجی تایبەتەوە، بە پێچەوانەوە ئیجرائاتی تەواویان لەگەڵدا دەكرێت.

پێنجەم: ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و ماتۆڕسكیل ڕێگەپێدراو نین بە هیچ شێوەیەك بچنە ناو سەنتەری شار(شەقامی گشتی هەڵەبجە)و شوێنە گشتییەكان و ناوچە گەشتیارییەكان. بە پێچەوانەوە ئیجرائاتی تەواویان لەگەڵدا دەكرێت و سزا دەدرێن.

شەشەم: سەرجەم دانیشتووانی خۆشەویستی سنووری پارێزگاكەمان بە هەر چوار ناحیەكەوە ئاگادار دەكەین، ئەو شوفێرانەی خاوەنی ماتۆڕسكیل یاخود ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتان، پێویستە پابەند بن بە بڕیارەكانی لیژنەی ئەمنی. بە پێچەوانەوە ئیجرائاتی تەواو و سزای پابەند نەبوون دەدرێن.