عێراق توڕه‌یه‌و به‌هه‌رێم ده‌ڵێت: ئه‌وه‌ى وتوتانه‌ هه‌رگیز قبوڵى ناكه‌ین

کوردستان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 17926 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

له‌به‌رامبه‌ر ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى شه‌وى ڕابردوى وه‌زاره‌تى ناوخۆى هه‌رێم كه‌ حه‌شدى شه‌عبى تۆمه‌تبار ده‌كات به‌ئاراسته‌كردنى درۆنه‌ خۆكوژیه‌كان له‌هه‌رێمى كوردستان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانى عێراق هاته‌ده‌نگ‌و ده‌ڵێت:"ئه‌و تۆمه‌تباركردنه‌ هه‌رگیز قبوڵناكرێت، داواده‌كه‌ین هه‌رێمى كوردستان به‌ڵگه‌نامه‌كان ئاشكرابكات".


سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق وەڵامی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەداتەوەو ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئەوەی لەوەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە دەرچوە سەبارەت بەتۆمەتبارکردنی دامەزراوەیەکی ئەمنیی فەرمیی عێراقی، کارێکە ڕەتکراوەو سەرکۆنەکراوەو بەهیچ بیانویەک ڕێگەپێدراو نییەو قبوڵناكرێت".
 
وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگه‌یاندوه‌، "داوادەکەین ئەگەر بەڵگە هەیە، پێشکه‌شی لایەنە حکومییە فەرمییەکانی بکەن".

سەباح نوعمان جه‌ختده‌كاته‌وه‌، "حکومەتی فیدراڵی هەرگیز لەسەر حسابی ئاسایشی هاوڵاتیانی عێراق سازشناکات‌و دودڵیش نابێت لەگرتنەبەری ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر هەر لایەنێک کە هەوڵی تێکدانی سەقامگیریی بدات".

لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا ده‌ڵێت، "ئاڵنگارییە هەنوکەیییەکان پێویستیان بەهه‌ماهەنگی‌و هاوکارییە لەڕێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە، نەوەک پەنابردن بۆ لێدوان‌و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، چونکە ئەمکارە دەرفەت بەناحەزو لایەنە دوژمنکارەکان دەدات بێڕێزیی بەدامەزراوەکان بکەن‌و زیان به‌سەقامگیریی عێراق بگەیەنن".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، شەوى ڕابردوو وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ڕایگه‌یاند، هیچ بنکەیەکی ئیسرائیل لەهەرێمی کوردستان نییەو ئەو هەواڵانەش ڕاست نین کە گوایە بەدرۆن هێرشکراوەتەسەر بنکەیەکی سەر بەئیسرائیل لەسنوری پارێزگای هەولێر.
 
 وەزارەتی ناوخۆی هەرێم وتبوى، "لەچەند میدیایەکی ئەلیکترۆنیی فەرمی لەئێران وابڵاوکراوەتەوە کە گوایە شەوی ڕابردوو لەهەولێر بەدرۆن هێرشکراوەتەسەر بنکەیەکی سەر بەئیسرائیل".
 
وەزارەتی ناوخۆ ئاماژه‌ى به‌وه‌دابوو، "شەوی ڕابردوو درۆنێک لەناوچەیەکی چۆڵەوانی لەنزیک هەولێر کەوتوەتەخوارەوە، ئەم هێرشانەش لەلایەن هەندێک گروپی سەر بەحەشدی شەعبی بەمەبەستی ئاژاوەنانەوە ئەنجامدەدرێن‌و پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان لەحکومەتی فیدراڵی سنورێک بۆ ئەمکارە تێکدەرانە دابنێن‌و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بەتاوانباران بگرنەبەر".
 
ده‌قى ڕاگەیه‌ندراوەکەی سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق:
 
ئەوەی لەوەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان-عێراقەوە دەرچوە سەبارەت بەتۆمەتبارکردنی دامەزراوەیەکی ئەمنیی فەرمیی عێراقی، کارێکە ڕەتکراوەو سەرکۆنەکراوەو بەهیچ بیانویەک ڕێگەپێدراو نییە، بەتایبەتی کە بەبێ هیچ بەڵگەیەک دەرچوە، داواشدەکەین ئەگەر بەڵگە هەیە، پێشکه‌شى لایەنە حکومییە فەرمییەکانی بکەن.
 
حکومەتی فیدراڵی بەدامەزراوە ئەمنییەکانیەوە، لەزیاتر لەبۆنەیەکدا دوپاتیکردوەتەوە کە هەرگیز لەسەر حسابی ڕۆڵەکانی عێراقی یەکگرتوو و ئاسایشەکەیان سازشی نەکردوەو نایکات‌و دودڵیش نابێت لەگرتنەبەری ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر هەر لایەنێک کە هەوڵی دەستبردن بۆ سەقامگیریی یان تێکدانی ئاسایش بدات لەسەرتاسەری عێراقدا.
 
ئاستەنگەکانی ئێستا پێویستیان بەهاوکاریی‌و هه‌ماهەنگییە لەڕێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە، نەوەک پەنابردن بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بەڕاپۆرت‌و لێدوانێک کە دەرفەت بەناحەزان بدات زیان بەدامەزراوە عێراقییەکان بگەیەنن کە عێراق دەپارێزن‌و بەرگریی لێدەکەن‌و ئاسایشەکەی دەپارێزن.

هەروەها ئەمکارە پاساو دەداتە دەست لایەنە دوژمنکارەکان بۆ تێکدانی سەقامگیریی عێراق.