زانیارییه‌كى گرنگ له‌باره‌ى خامنه‌ییه‌وه‌.. تا دوا هه‌ناسه‌شى ئاماده‌نه‌بوه‌ جێگره‌وه‌ى خۆى دیاریبكات

ڕاپۆرت

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1521 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دەنگی تەقینەوەکانی هێرشە هاوبەشەکەی ئەمریکاو ئیسرائیل هێشتا لەئاسمانی تاراندا دەزرینگێتەوە، کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕوبەڕوی سەختترین تاقیکردنەوەی مێژوی خۆی دەبێتەوە، ئه‌ویش (کۆشکی بێ ڕێبەرو ته‌ختى بێ میراتگر)ه‌.


عەلی خامنەیی، ئەو پیاوەی بۆ ماوەی 36 ساڵ کلیلی هەموو بڕیارە چارەنوسسازەکانی ئێرانی لەمشتدا بوو، لەتەمەنی 86 ساڵیداو لەناو جەرگەی بۆردومانەکانى تاراندا کوژرا، بەڵام ئەوەی ململانێکانی دوای ئەو گەرمتر دەکات، تەنها جێهێشتنی کورسیی دەسەڵات نییە، بەڵکو جێهێشتنی بۆشایییەکی یاسایی‌و سیاسییە کە پێدەچێت کێبڕکێیەکی خوێناوی لەسەر دروست ببێت.

وەسیەتنامەیەک کە نەنوسرا
به‌گوێره‌ى زانیارییەکانی ئایەتوڵڵا عەباس کەعبی ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەری، خامنەیی تا دوا ساتەکانی ژیانی ڕەتیکردوەتەوە ناوی هیچ کەسێک وەک جێگرەوە بهێنێت، سەره‌ڕای ئەوەی لەلایەن لیژنەی تایبەتی ئەنجومەنەکەوە فشارێکی زۆری خراوەتەسەر بۆ ئەوەی ئاماژه‌یه‌ك بدات، بەڵام ئەو تەنانەت ئامادەنەبوە گوێبیستی ئەو ناوانەش بێت کە ئەنجومەنەکە بۆ شوێنگرتنەوەی پێشنیازیانکردوە.

ئەو بێدەنگییەی خامنەیی، ئێستا ئێرانی خستوەتە بەردەم سێڕێیانێکی مەترسیدار؛ ئایا وڵات بەرەو ڕێبەرایەتیی بەکۆمەڵ دەچێت، یان ململانێی باڵەکان تاران دەگۆڕێت بۆ مەیدانی جەنگی ناوخۆیی؟.

کاندیدەکان.. لەموجتەباوە بۆ نەوەی خومەینی
لەناو ئەو تەمومژەدا، چەند ناوێک وەک یاریزانە سەرەکییەکانی ئەم کێبڕکێیە دەردەکەون، ئه‌وانیش، موجتەبا خامنەیی كه‌ کوڕی ڕێبەری کوژراوه‌، وەک سێبەری باوکی‌و کەسی نزیک لەسوپای پاسداران دەبینرێت، زۆرێکیش وەک بەهێزترین کاندید ناوی دەبەن، بەڵام ترسی گۆڕینی ڕێبەرایەتی بۆ پشتاوپشت گەورەترین بەربەستە لەبەردەمی، دوێنێ میدیای ئیسرائیل ئاشكرایكرد، لەهێرشێكدا بۆسەر ئێران موجتەبا خامنەیی کوڕی عەلی خامنەیی، کراوەتە ئامانج‌و کوژراوە.

هاوكات حەسەن خومەینی، ئه‌میش نەوەی دامەزرێنەری کۆمارەکەیه‌ کە نوێنەرایەتی ڕەوتی ڕیفۆرمخوازو میانڕەو دەکات، ئەو وەک هێمایەکی ئایینی‌و مێژویی دەبینرێت کە دەتوانێت شەقام ئارام بکاتەوە.

یه‌كێكى دیكه‌ش حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری پێشوه‌ کە وەک پیاوی کاتە سەختەکان‌و بژاردەیەک بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ جیهان ناوی دەهێنرێت.

عەلی ڕەزا ئەعرافی یه‌كێكى دیكه‌یه‌ له‌ناوه‌كان‌و به‌پیاوێکی ئاینیی توندڕەو ناوده‌برێت كه‌ ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایانى ئێرانه‌، چاودێرانى سیاسیى پێیانوایه‌، ڕەنگە ئه‌عرافى ببێتە کاندیدی سازانی باڵە توندڕەوەکانی ناو دەسەڵات.

ئێران بەرەو کوێ؟
ڕێبەری لەئێران تەنها پلەیەکی ئایینی نییە، بەڵکو فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان‌و خاوەنی دوا بڕیارە لەپرۆگرامی ئەتۆمی‌و سیاسەتی دەرەوەدا، کوژرانی خامنەیی لەساتێکی ئاوها هەستیاردا، کە وڵات لەژێر هێرشی دەرەکی‌و گوشاری ناوخۆییدایە، ماناو ڕەهەندی زیاتر دەدات بەململانێی نێو ئەنجومەنی شارەزایان.

ئێستا جیهان چاوەڕێی ئەوەیە ببێنێت، ئایا دوای 36 ساڵ لەسەردەمی خامنەیی، تاران دەتوانێت بەبێ وەسیەتنامەی ڕێبەر لەسەر پێی خۆی بوەستێت، یان مەرگی ئەو، سەرەتایەک دەبێت بۆ هەڵوەشانەوەی ئەو هەرەمەی کە خۆی ساڵانێکی درێژ پاراستی؟.

له‌نوێترین زانیاریشدا، ئەندامانی ئەنجومەنی شارەزایانی ڕێبەری لەئێران، پڕۆسەی دەنگدانی نهێنی‌و مۆرکراویان بۆ هەڵبژاردنی ڕێبەری نوێی وڵاتەکە کۆتایی پێهێناوه‌و ئەم بڕیارە دوای تێپەڕبونی چەند ڕۆژێک دێت بەسەر کوژرانی عەلی خامنەیی لەهێرشە موشەکییەکانی ئەمریکاو ئیسرائیل بۆسەر تاران.

بەهۆی بارودۆخی نائاسایی‌و بۆردومانکردنی باڵەخانەکانی ئەنجومەن لەشارەکانی قوم‌و ناوچەی پاستور لەتاران، ئەندامانی ئەنجومەنەکە نەیانتوانیوه‌ کۆبونەوەی ئامادەیی ئەنجامبدەن. 

به‌گوێره‌ى سەرچاوە میدیاییەکان گفتوگۆکان لەڕێگەی ئامرازە تەکنەلۆژییەکان‌و پەیوەندییە دورەکانەوە بەڕێوەچون، هاوکات بۆ پاراستنی ڕەوایەتی‌و تۆمارکردنی مێژویی، دەنگەکان بەشێوەی نوسراوی مۆرکراو کۆکراونەتەوە، چاوەڕواندەکرێت لەچەند کاتژمێری داهاتودا ناوی ڕێبەری نوێی هەڵبژێردراو بەفەرمی ڕابگەیەنرێت.

ئەم پڕۆسەیە لەکاتێکدایە کە ئیسرائیل کاتس وەزیری بەرگری ئیسرائیل، هەڕەشەی ئەوەیکردوە کە هەرکەسێک وەک جێگرەوەی خامنەیی دەستنیشانبکرێت، دەبێتە ئامانجی سوپاکەیان‌و تیرۆر دەکرێت.

عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە 28ی شوباتی 2026، لەهێرشێکی موشەکی هاوبەشی واشنتۆن‌و تەلئەبیب بۆ سەر شوێنی نیشتەجێبونی لەتاران کوژرا، کە دواتر لە 1ی ئاداردا بەفەرمی لەلایەن سەرچاوە هەواڵگرییەکانەوە پشتڕاستکرایەوە.

بەپەلە