ئه‌مریكا زەنگی مەترسی لەعێراق لێدەدات

عیراق

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 9195 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەپەیامێکی کتوپڕو تونددا کە گوزارشت لەبارگرژییە قووڵەکانی ناوچەکە دەکات، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا هۆشدارییەکی بەپەلەی ئاڕاستەی تەواوی هاوڵاتیانی وڵاتەکەی کردو داوای لێکردن بەزوترینکات، خاکی عێراق جێبهێڵن.


باڵیۆزخانەکە لەڕاگەیەندراوێکدا کە ئاڕاستەی هاوڵاتیه‌كانى خۆى کردوە، جەختدەکاتەوە، بارودۆخەکە پێویستی بەبڕیاری خێرا هەیەو هەر کاتێکیش ڕێگەی گەشتکردن ئارام بوو، پێویسته‌ ئەمریکییەکان به‌زویى عێراق جێبهێڵن.

له‌و ڕاگه‌یه‌نراوه‌ى ئه‌مریكادا پەیامى زۆر مەترسیدار هه‌یه‌ كه‌ ئاراسته‌ى ئەوکەسانە كراوه‌ کە بڕیاری مانەوە دەدەن؛ باڵیۆزخانە داوایان لێدەکات، "بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لەشوێنی سەلامەتدا خۆتان حەشار بدەن‌و کۆگایەکی تەواوی خۆراک، ئاوو دەرمان بۆ خۆتان دابین بکەن".

بەهۆی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەكان لەعێراق، واشنتۆن پەنا بۆ ڕێگە وشکانییەکان دەبات، وه‌كو په‌یامه‌كه‌ى ئاماژەپێكردوه‌، هاوڵاتیانی ئه‌مریكى دەتوانن لەڕێگەی مەرزەکانی (ئوردن، کوه‌یت، سعودیەو تورکیا)وە بچنە دەرەوە، هەرچەندە هۆشداری ئەوەشدراوە، ئەگەری داخستنی کتوپڕی مەرزەکان‌و کایەی ئاسمانی وڵاتانی دراوسێش لەئارادایە.

چاودێران پێیانوایه‌ ئەو هۆشدارییەى ئه‌مریكا تەنها ڕێنماییەکی ئاسایی نییە، بەڵکو وەک لەپه‌یامه‌كه‌دا هاتوە، "حکومەتی ئەمریکا خەریکی هەڵسەنگاندنی هەموو بژاردەکانە، بۆ پاراستنی خه‌ڵكى خۆى لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"، ئەمەش وه‌ك ئاماژەیەك خوێندنه‌وه‌ى بۆ ده‌كرێت کە ئەمریکا پێشبینی پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکان دەکات کە ڕەنگە کایەی گواستنەوەی مەدەنی بەتەواوی پەکبخات.

ئەو هەنگاوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەکاتێکدایە، ناوچەکە لەسەر پشکۆی ئاگرێکی گەورەیەو چاودێرانی سیاسیش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەرە خراپەکان، لەقەڵەمیدەدەن.