شارپرێس:
دەنگی تەقینەوەکان لەتارانەوە تا بەیروت دەنگ دەدەنەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا نەخشەی داهاتوی سیاسیی ئێران دەکێشێتو ڕاشکاوانە نەوەکانی ڕێبەری باڵای ئێران لەدەسەڵات دوردەخاتەوە، ئەمە هاوکاتە لەگەڵ توندبونەوەی هێرشەکان کە سیمای پایتەختی ئێرانیان گۆڕیوە بۆ شاری تارماییەکان.
ترەمپو کۆتایی سەردەمی بنەماڵەی خامنەیی
دۆناڵد ترەمپ لەلێدوانێکی نوێدا بۆ ماڵپەڕی ئەکسیۆس ڕایگەیاند، واشنتۆن دەیەوێت سەرکردایەتییەکی نوێ لەئێراندا ببینێت، ڕاشكاوانه دهڵێم، موجتەبا خامنەیی کوڕی عەلی خامنەیی لەهەر ڕۆڵێکی داهاتوو دوردهبێت.
وتیشى، "کوڕەکەی خامنەیی هیچ بەهایەکی نییە، ئێمە کەسێکمان دەوێت ئاشتی بۆ ئێران بهێنێت"، ئەم لێدوانە لەکاتێکدایە کە باس لەموجتەبا دەکرا وەک بەهێزترین كاندید بۆ شوێنگرتنەوەی باوکی.
تاران؛ وێرانکارییو دابڕان لەجیهان
لەناو جەرگەی ئێراندا، وێنەکان کارەساتبارن، یاریگهی نێودەوڵەتی ئازادی کە هێمایەکی وەرزشی تاران بوو، بوەتە کەلاوە، ئامارە فەرمییەکان ئاماژە بەگیانلەدەستدانی زیاتر لەههزارو 230 کەس دەکەن، تاران بەهۆی کۆچی بەکۆمەڵی دانیشتوانەکەییو بڕانی ئینتەرنێت (کە تەنها 1٪ی کاردەکات) هاوشێوەی شارێکی دابڕاوە، ههروهك ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەو دۆخەی تارانى بە"کۆمەڵکوژییەکی دڕندانە" ناوبردوه.
بەرەی لوبنان.. هەڕەشەی گۆڕینی زاحیە بۆ خان یونس
دۆخەکە لەبەیروت لەتاران باشتر نییە، دوای هۆشدارییەکانی ئیسرائیل بۆ چۆڵکردنی گەڕەکی زاحیە، توندترین شەپۆلی ئاوارەبون دەستیپێکردوە، بەتسلێئێل سمۆتریتچ وەزیری دارایی ئیسرائیل هەڕەشەیەکی مەترسیداریکردو وتی، "بەمزوانە زاحیەی بەیروت وەک خان یونسی غەززەی لێدێت"، لەسەر زەویش، سوپای ئیسرائیل فەرمانی وەرگرتوە بۆ قوڵبونەوەی زیاترو چونه ناو خاکی لوبنان.
زانیارییهكان لهو وڵاتهوه ئاشكرایدهكهن، تەنها لەچەند ڕۆژی ڕابردودا، 102 کەس کوژراونو زیاتر لە83 هەزار کەسیش ئاوارەبون، لەکاتێکدا سوپای ئیسرائیل فەرمانی پێشکەوتنی زیاتری لەباشوری ئەو وڵاتە وەرگرتوە.
جوڵەی سەربازیی نێودەوڵەتیو مەترسیی کەرتی وزە
دۆخەکە لەئاوەکانی کەنداو گەیشتوەتە ئاستێکی مەترسیدار، سوپای پاسداران ڕایگەیاندوه، کۆنترۆڵی تەواوی گەروی هورمزیان لهدهستداماوهو كهشتیهكى نەوتیی ئەمریکیان بەموشهك پێکاوە، ئەمەش بوەتە هۆی شڵەژانی بازاڕەکانی جیهان، چونکە 20٪ی وزەی جیهان لەو ڕێڕەوەوە تێدەپەڕێت.
جیهان لەبەرامبەر ئەو پەرەسەندنانەدا بێدەنگ نییە، ئیتاڵیا وهكو وڵاتێكى ئهوروپى سیستەمی بەرگریی ڕەوانەی کەنداو کردوە، ههرهیهك له(فەرەنسا، ئیسپانیاو یۆنان)یش کەشتیی جەنگییان ناردوەتە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، بەریتانیاو ئوسترالیایش فڕۆکەی جەنگیی زیاتریان لەناوچەکە جێگیرکردوەو کەنەداش هێرشەکانی سەر ئێرانی بەسەرپێچی یاسای نێودەوڵەتی ناوبردوه، بەڵام بەشداریی هێزەکانی خۆی ڕەتنەکردەوە.
ترەمپ لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆیتەرز ئاشکرایکرد کە پشتگیریی لەهێرشی چەکدارە کوردە ئێرانییەکان دەکات بۆ سەر ناوخۆی ئێرانو وتی، "ئەوە کارێکی نایابە کە دەیانەوێت ئەو هێرشە ئەنجامبدەن"، بەڵام ئامادەنەبوو بڵێت ئایا واشنتۆن پاڵپشتیى ئاسمانییان بۆ دابیندەکات یان نا.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێستا لەسەر لێواری گۆڕانکارییەکی گەورەدایە؛ لەلایەک هەوڵ بۆ ڕوخاندنی سیستم لەتارانو لەلایەکی دیكهشهوه مەترسیی داڕمانی ئابوری جیهانیی بەهۆی هەڕەشەکانی سەر گەروی هورمزهوه.
