ئه‌مریكا بڕیارێكى له‌دژى هه‌رێم ده‌ركردو له‌به‌رژه‌وه‌ندیى عێراق‌و ڕۆژئاواى كوردستان بڕیاریدا

کوردستان

06/08/2025‌ 32988 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دواى هۆشدارییه‌كه‌ى ئه‌مریكا بۆ پارتى‌و یه‌كێتیى بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ له‌چوارچێوه‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم‌و نه‌مانى هێزى حزبیى، ئه‌مریكا بڕیارێكى له‌دژى هه‌رێم ده‌ركرد، له‌به‌رژه‌وه‌ندیى عێراق‌و ڕۆژئاواى كوردستانیش بڕیاریدا.


پێگەی ئەلمۆنیتەری ئەمریکی بڵاویکردەوە، به‌گوێره‌ى پڕۆژەیاسایەکی نوێی کۆنگرێسی ئەمریکا، واشنتۆن لەپلانیدایه‌ بۆ ساڵی داهاتوو، یارمەتییە داراییەکانی بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی ببڕێت، بەڵام بەردەوامدەبێت لەپێدانی بودجە بەدەزگای دژەتیرۆری عێراق‌و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە).

وه‌كو مۆنیتۆر باسیكردوه‌، کۆنگرێس ڕێگه‌ لەئیدارەی ترەمپ دەگرێت بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی سوپاى ئەمریکا لەبنكه‌ سه‌ربازییه‌كانى ڕۆژئاواى كوردستان یان هه‌ر هه‌وڵێك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى ژماره‌ى هێزه‌كان.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، پێشتر دۆناڵد ترەمپ سه‌رۆكى ئه‌مریكا ڕایگه‌یاندبوو، پلانی ئەوەی هەیه‌، هەشت بنکەی ئێستای ئەمریکا لەڕۆژئاواى كوردستان بۆ یەک بنکە کەمبکاتەوەو ژماره‌ى هێزه‌كانى سوپاى وڵاته‌كه‌شى كه‌مبكاته‌وه‌.

هه‌ر له‌و هه‌واڵه‌ى مۆنیتۆردا باس له‌وه‌شكراوه‌، لەگەڵ بڕینی پارەی هاوکارییه‌كانى پێشمەرگە، پڕۆژەیاساکە پێشنیازی زیادبونێکی بەرچاوی لەبودجەی دەزگای دژەتیرۆری عێراق كردوه‌ به‌شێوه‌یه‌ك داوای 63.6 ملیۆن دۆلاری بۆ ساڵی داهاتوو كردوه‌، لە کاتێکدا ئەمساڵ بڕى ئه‌و هاوكارییه‌، 9.3 ملیۆن دۆلار بوە.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداریش بۆ شارپرێس ئاماژه‌ى به‌وه‌دا، بڕینی هاوکاریی پێشمەرگە له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌، دوای ئەوەدێت، چه‌ندینجار واشنتۆن هۆشداریى به‌هه‌ردوو حزبى ده‌سه‌ڵاتدارى هه‌رێم پارتی‌و یەکێتیى داوه‌، بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ى سه‌رجه‌م هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ له‌ژێر چه‌ترى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌دا.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت:"چه‌ندینجار به‌رپرسانى ئه‌مریكاو هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تیش هۆشدارییان دابوو له‌یه‌كنه‌خستنه‌وه‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌و ڕاسته‌وخۆ به‌دوو حزبى ده‌سه‌ڵاتیان وتوه‌، ئه‌مریكا نایه‌وێت هیچ هێزێكى حزبیى له‌هه‌رێم بمێنێت، به‌ڵكو ده‌بێت چه‌ك له‌ده‌ستى حكومه‌تدا بێت‌و هه‌وڵ بۆ دروستكردنى هێزێكى ڕێكخراوى حكومیى بكرێت".نوێده‌كرێته‌وه‌