عێراقچى: حزبوڵڵا خاوەنی تواناو هێزه‌ ئێمه‌ پشتیوانی ده‌كه‌ین

جیهان

07/08/2025‌ 2392 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزیری دەرەوەی ئێران له‌باره‌ى حزبوڵڵاى لوبنانییه‌وه‌ په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌و ڕایگه‌یاند، "پلانی چەکداماڵینی حزبوڵڵای لوبنان شکستدەهێنێت"، دەشڵێت:"پشتیوانی حزبوڵڵا دەکەین لەڕەتکردنەوەی هەوڵەکانی بۆ داماڵینی چەک".


عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بەتەلەفزیۆنی فه‌رمى وڵاته‌كه‌ى وتوه‌، "تاران بەبێ دەستێوەردان پشتیوانیی لەحزبوڵڵا دەکات".

به‌وته‌ى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران، "هەوڵدان بۆ داماڵینی چەک لەحزبوڵڵا بابەتێکی نوێ نییە، لەماوەی ڕابردوش هەوڵی هاوشێوە دراوە، هۆکارەکانیشی بەباشی دیارە، چەکەکانی حزبوڵڵا کاریگەریی خۆی بۆ هەموان لەبەرەکانی شەڕ سەلماندوە".

ئه‌وه‌شى ڕونكردوه‌ته‌وه‌، "هەڵوێستی پتەوی ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵاو دەرکردنی بەیاننامەیەکی توند، ئەوە نیشاندەدات کە ئەم بزوتنەوەیە بەرگەی فشارەکان دەگرێت".

وەزیری ئێران زیاتر وتویه‌تى، "ڕیزەکانی حزبوڵڵا ڕێکخراونەتەوە، ئەم گروپە خاوەنی تواناو هێزه‌ بۆ بەرگریکردن لەخۆی، بڕیاری کۆتاییش سەبارەت بەهەنگاوەکانی داهاتوو لەئەستۆی خودی حزبوڵڵایە، به‌ڵام ئێران وەک لایەنێکی پشتیوان، پشتگیریی لێدەکات بەبێئەوەی دەستوەردان لەبڕیارەکانیدا بکات".

پێشتریش حزبوڵڵا وتبوى، بڕیارەکەی حکومەتی لوبنان‌و ئەرکی سوپا بەداڕشتنی پلانی جێبەجێکردن بۆ سنوردارکردنی هەڵگرتنی چەکەکانی بەر لەکۆتایی ساڵ، تاوانێکی گەورەیە.

 

لەبەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، بڕیارەکانی حکومەتی نەواف سەلام، دەرئەنجامی هەوڵەکانی تۆم باراک نێردەی ئەمریکا بوە.

هاوکات بڕیارەکەی حکومەتی لوبنانی بەپێشێلکردنی بەیاننامەی وەزاری زانی‌و وازهێنانی وەزیرانی حزبوڵڵا لەدانیشتنی ئەنجومەنی وەزیران بەدەربڕینی ڕەتکردنەوەی ئەو بڕیارە زانی.

ئاماژە بەوەشکراوە، بڕیارەکەی حکومەت، سەروەریی لوبنان تێکدەدات‌و دەستێکی ئازاد دەدات بەئیسرائیل.

ڕاشیگەیاند، "ئەو بڕیارەی حکومەتی لوبنان وەک ئەوەی بونی نەبێت مامەڵەی لەگەڵ دەکەین".