به‌غدا زانیاریى نوێ له‌باره‌ى هه‌نارده‌ى نه‌وتى هه‌رێمه‌وه‌ ئاشكراده‌كات

عیراق

07/08/2025‌ 8266 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی لەژمارەی ئەمڕۆیدا بڵاویکردوه‌؛ دانوستانەکان گەیشتونەتە قۆناغی کۆتایی‌و بەمنزیکانە هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەستپێدەکاتەوە.


سەرچاوەیەکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بەسه‌باح-ى وتوه‌، "دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت لەڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هێشتا یەکلایی نەبوەتەوە، بەڵام دانوستانەکانی گەیشتوەتە قۆناغی پێشکەوتوی باش، تەنها چەند وردەکارییەکی بچوک ماوەتەوە".

ڕۆژنامەکە لەزاری سەرچاوەیەکی وەزارەتی نەوتى عێراقه‌وه‌، ناوەڕۆکی ئەو کۆبونەوەیەی ئاشکراکردوە کە بەسەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی لەبارەی کەرتی وزەوە ئەنجامدراوەو نوسیویه‌تى، "وەزارەتی نەوت بەرەو ڕێککەوتنێکی ئەرێنی هەنگاو دەنێت، لەم ماوەیەدا سەرجەم لێکتێگەیشتنە هونەریی‌و لۆجستییەکانی پەیوەست بەهەناردەی نەوت یەکلایی دەکاتەوە".

به‌وته‌ى سه‌رچاوه‌كه‌، "کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) لەڕوی هونەریی‌و لۆجستییەوە ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت‌و کارەکان بەئاڕاستەیەکی ئەرێنیدا دەڕۆن".

لەلایەکى دیکەوە دوێنێ (چوارشەممە) لەکەرکوک حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، لەماوەی سبەی‌و دوسبەی، واته‌ ئه‌مڕۆو سبه‌ینێ، هەنگاوەکان بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکەنەوە.