شارپرێس:
فهرماندهى گشتیى ههسهده وتهیهكى وهزیرى بهرگریى سوریا ئاشكرادهكات كه لهكۆبونهوهكهى دیمهشق پێیوتوه، دهڵێت:"وەزیری بەرگری كە لەکۆبونەوەی دیمەشق پێیوتم، 139 گروپی چەكدار لەسوریا هەن کە زۆربەیان نزیکن لەتورکیاوە".
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوپای دیموكرات ڕایدەگەیەنێت، "ئەوانەی کۆمەڵکوژی کەناراوەکانی سوریاو سوەیدایان ئەنجامدا، لەژێر کۆنترۆڵی دیمەشقدا نین، ئەو گروپانە لەسوەیداوە هەڕەشیان لەكورد دەكردو دەیانوت ئەگەر لێرە تەواوبین بۆ ئێوە دێین، زۆرینەی کەسانێکن کە پێشتر لەدژی ئێمە شەڕیانکردوە، ئەم ڕوداوانە هەموو ڕاستییەکانی ئاشکراکردو، هەموانی بەهێزە نێودەوڵەتییەکانیشەوە هێنایەسەر ئەو بڕوایەی، پێویستە ڕژێمی سوریا نا ناوەندی بێتو تێیدا هەموان لەمافەکانی خۆیان بەهرەمەندبن".
مەزڵوم عەبدی لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "یەنی یاشام"ی توركی كە ڕۆژنامەكە بەشێوەی زنجیرە بڵاویكردوەتەوە، لەدواین بەشدا ئاماژەی بەكۆمەڵێك پرسی ههستیار كردوەو دەڵێت:"ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژییەكان لەناوچە کەنارییەکانی سوریاو سوەیدا لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا نین، دەوڵەت ئاشکرایاندەکات، بەڵام هیچ کۆنتڕۆڵێکی بەسەریاندا نییە".
لەبارەی هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیاش دەڵێت، "ئەو هەڕەشانە بێبنەمان، ئێمە بڕیارێکی ستراتیژیمانداوە بۆ یەکخستنی دامودەزگا نیشتمانییەکانی سوریا بەسوپاشەوە، ئەوەی ئێمە لەتورکیاى چاوەڕێدەکەین، هاندانی هەردولایە، ئێمە هاوڵاتی سوریاینو دەمانەوێت خۆمان کێشەکانمان چارەسەربکەین، دانوستانە بەردەوامەکان بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەسوپای سوریادا مەترسی لەسەر تورکیا دروستناکات، ئەگەر ئەم دانوستانانە بەرهەمیان هەبێت، هەڕەشەکانی سەر تورکیاش کەمدەبنەوە".
مەزڵوم عەبدی باس لەوەشدەكات، "لەئێستادا چەندین گروپی چەكداری بچوکی سەر بەتورکیا لەسوریا هەن کە لەلایەن تورکیاوە پارەیان بۆ دابیندەکرێت، بەوتەی وەزیری بەرگریی كە لەکۆبونەوەی دیمەشق پێیوتم، 139 گروپی چەكدار لەسوریا هەن کە زۆربەیان نزیکن لەتورکیاوە، ئەم گروپانە هێشتا نەبونەتە بەشێك لەسوپای سوریا، كە لەماوەی هەشت مانگی ڕابردودا بڕیاریاندا یەکبگرن، سەرەڕای وەرگرتنی بەرپرسیارێتی بەرچاو لەچوارچێوەی وەزارەتی بەرگری سوریا، بەڵام هێشتا بونیان هەیە".
لەبارەی ڕوداوەكانی ئەمدواییەی سوەیداو پەلاماری دروزەكانیش دەڵێت، "ئەوانەی چونە سوەیدا لەگرتەی ڤیدیۆیدا هەڕەشەیان لەناوچەكانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا دەكرد، بەتایبەتی کورد، زیاتر لەدروزەکان، بەڕاشکاوی دەیانوت، ئەگەر سوەیدا لەناوببەین، بۆ ئێوەدێین، زۆرینەی ئەوانە لەڕابردودا دژی ئێمە شەڕیانكردوە".
جهختیشدهكاتهوه، "هەربۆیە دوای ڕوداوەکانی سوەیدا، هەمووان بەهێزە نێودەوڵەتییەکانیشەوە، گەیشتنە ئەو بڕوایەی پێویستە ڕژێمی سوریا دەبێت نا ناوەندی بێت، كە هەموان لەمافەکانی خۆیان بەهرەمەندبن، پێویستە سیستەمێک جێبەجێبکرێت کە هەمولایەک ڕازیی بکات".
