سەرکردەیەکی چوارچێوەی هەماهەنگیی داوای مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق دەکات

عیراق

07/08/2025‌ 4292 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕەحمان جەزائیری سەرکردە لەهاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاند، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق لەوادەی دیاریکراودا "شتێکی ناواقیعییە"، ئاماژەی بەوەشکرد، نوێکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەمنیی نێوان بەغداو واشنتۆن "بژاردەیەکی بەهێزە" دوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی داهاتوو، بەلەبەرچاوگرتنی ئاڵۆزییەکانی دۆخی ناوخۆو نەبونی سازانی سیاسیی.


جەزائیری بەئاژانسی شەفەق نیوزى وتوه‌، "هێزەکانی ئەمریکا لەساڵی 2026 لەعێراق ناچنە دەرەوە وەک هەندێک پێشبینیدەکەن، بەڵکو ئاماژە سیاسیی‌و ئەمنییەکان دوپاتیدەکەنەوە، مانەوەیان بەردەوامدەبێت‌و ڕەنگە پێداچونەوە بەڕێککەوتننامەی ئەمنیی ئێستادا بکرێت بۆ گەرەنتیکردنی بەرژەوەندییەکانی هەردولا".

هەروەک وتویەتی، "چوارچێوەی هەماهەنگیی، سەرەڕای بێزارییەکانی لەدەستێوەردانە بەردەوامەکانی ئەمریکا لەکاروباری عێراقدا، بەڵام پێیوایە، تاکە چارەسەری واقیعی لەقۆناغی ئێستادا گفتوگۆی ڕاستەوخۆیە، چونکە عێراق توانای سەربازیی بەرگریی تەواوی نییە، وەک ڕادار یان سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی‌و موشەکیی، ئەمەش هەماهەنگی پێویستدەکات".

دەشڵێت، "هەفتەی داهاتوو چوارچێوەی هەماهەنگیی کۆبونەوەیەکی گرنگ ئەنجامدەدات بۆ پێداچونەوە بەدۆخەکە، بەڵام ئاراستەی گشتیی ئارامکردنەوەو چاوەڕێکردنی دوای هەڵبژاردنەکانە بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆی نوێ لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا لەڕێگەی دانوستانەوە کە پەیوەندیی نێوان هەردولا ڕێکدەخاتەوە".

لەکۆتاییدا وتویەتی، "پەیامێکی ڕون بۆمحەمەد شیاع سودانی‌و ژمارەیەک پەرلەمانتاران نێردراوە، داوای گفتوگۆو ئارامکردنەوە دەکات‌و هەندێک لەم پەیامانە لەلایەن سەرکردە سیاسییە کاریگەرەکان وەک حەکیم‌و مالیکی نێردراون، لەچوارچێوەی دیدگایەکی فراوانتردا کە داوای بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەمریکا بەژیرییەوە دەکات بەدور لەزیادەڕۆیی، بەتایبەت لەسۆنگەی ڕێککەوتنێکی نهێنیی لەنێوان چەند هێزێکی عێراقیدا لەسەر گرنگی بەردەوامبونی هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی ئەمریکی".