وەک وەڵامێک بۆ کۆنفرانسەکەی حەسەکە ئەگەری هەیە دیمەشق دانوستانەکانی پاریس لەگەڵ هەسەدە هەڵبوەشێنێتەوە

کوردستان

09/08/2025‌ 6762 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌گوێره‌ى زانیارییەکانی ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی، حکومەتی سوریا شەوی هەینی دەستیکردوە بەتاووتوێکردنی هەڵوەشاندنەوەی دانوستانەکانی پارسی لەگەڵ "هەسەدە" وەک وەڵامێک بۆ کۆنفرانسی حەسەکە کە دوێنی هەینی بەڕێوەچوو.


دوێنی هەینی،  "کۆنفرانسی پێکهاتەکان" لەشاری حەسەکە لەڕۆژئاوای کوردستان بەبەشدارییەکی فراوان دەستیپێکرد، چ بەئامادەبون لەناو هۆڵی کۆنفرانسەکە یان لەڕێگەی وتاری ڤیدیۆییەوە لەناوچەکانی دیکەی سوریا.

سەرچاوەیەکی حکومی سوری ڕایگەیاندوە، کۆنفرانسەکە بەهەڵکشانێکی مەترسیدار دادەنرێت‌و کاریگەریی لەسەر ڕێڕەوی دانوستانەکانی ئێستا دەبێت.

ئاژانسه‌كه‌ فه‌رمیه‌كه‌ى توركیا نوسیویه‌تى، "حکومەتی دیمه‌شق بیر لەچەند بژاردەیەک دەکاتەوە، لەوانەش هەڵوەشاندنەوەی گەڕی دانوستانەکانی پاریس، ئەگەر پێشنیازێکی جدی بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ی ئادار نەبێت".

هەروەک سەرچاوەیه‌كیش به‌ئاژانسه‌ توركیه‌كه‌ى وتوه‌، "کۆنفرانسەکەی پارێزگای حەسەکە (کۆنفرانسی پێکهاتەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا) نیشانەی جدینەبونی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەده‌)یە لەبارەی دانوستانەکانیان لەگەڵ دیمەشق".

ئاماژەی بەوەشداوه‌، "کۆنفرانسەکە کە ڕۆژی هەیینی بەناوی (یەکڕیزیی هەڵوێستی پێکهاتەکان) بەڕێوەچوو، داوای دروستکردنی دەوڵەتێکی لامەرکەزیی‌و دانانی دەستورێک دەکات کە فرەیی نەتەوەیی ئایینی‌و کولتوری مسۆگەربکات."

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە، "کۆنفرانسەکە بەهەڵکشانی مەترسیدار دادەنرێت‌و کاریگەریی لەسەر ڕێڕەوی دانوستانەکانی ئێستا دەبێت".