شارپرێس:
سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ناتوانێت لەپرسی خاکەکەیدا دەستوری ئەم وڵاتە پێشێلبکات هەربۆیەش ئۆکرانییەکان وڵاتی خۆیان بەداگیرکەران نادەن.
ڤلۆدمیر زلینسکی سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا لەکاردانەوەیەکدا بەرامبەر بەهەواڵی کۆبونەوەی سەرۆکی ئەمریکاو سەرۆک کۆماری ڕوسیا ڕایگەیاند، ئۆکرانیا ئامادەی دۆزینەوەی ڕێگەچارەی ڕاستەقینە بۆ کۆتاییهاتنی جەنگەو پێشوازیی لەهەر هەوڵێک دەکات کە ئاشتیی لێبکەوێتەوە.
زلینسکی هۆشداریشیدا هەر جۆرە ڕێگەچارەیەک بەبێ بەشداریی کیێف، "ڕێگەچارەیەک لەدژی ئاشتی" دەبێت.
ئەم لێدوانانەی سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا دوای ئەوەهات، دۆناڵد ترەمپ ئاشکرایکرد، ڕۆژی هەینی لەئەلاسکا، لەگەڵ ڤلۆدمیر پۆتن سەرۆک کۆماری ڕوسیا کۆدەبێتەوە.
ڕۆژنامەی واڵ ستریت جورناڵ ئاشکرایکرد، ڤلۆدمیر پۆتن لەدیدارێکدا لەگەڵ ستیف ویتکۆف نوێنەری تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاندوە، ئەگەر ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بدرێتە ڕوسیاو ئۆکرانیا دەسەڵاتی مۆسکۆ بەسەر ئەم ناوچانەدا قبوڵبکات ئەوا ڕوسیاش ئاگربەست قبوڵدەکات.
پێشنیازەکەی پۆتن، ڕۆژی چوارشەممە گەیشتە دەسەڵاتدارانی ئەمریکاو دوای ئەو ڕاگەیاندرا ئامادەکاریی بۆ کۆبونەوەی ترەمپو پوتن دەکرێت.
ئۆکرانیاو وڵاتانی ئەوروپا نیگەرانن ئەمریکا بەبێ گەڕانەوە بۆ ڕای ئەوان، مەرجەکانی پۆتن قبوڵبکات.
ئاژانسی ئەکسیوس ئاشکرایکردوە، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا، ئۆکرانیاو چەند وڵاتێکی ئەوروپا، کۆتایی ئەم هەفەتەیە لەبریتانیا کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی پێش کۆبونەوەکەی ترەمپو پوتن، هەڵوێستەکانیان ڕێکبخەن.
