قه‌ندیل په‌یامێكى نوێ له‌باره‌ى ئۆجه‌لانه‌وه‌ ئاراسته‌ى توركیا ده‌كات

کوردستان

10/08/2025‌ 4853 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سه‌ركرده‌یه‌كى دیارى قه‌ندیل په‌یامێكى نوێ ئاراسته‌ى توركیا ده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ئێمه‌ پێشتر له‌كاتى سوێندخواردن‌و مه‌شقه‌ سه‌ربازیه‌كانمان، سوێندمان به‌چه‌ك ده‌خوارد، به‌ڵام ئێستا چه‌كمان سوتاند، بۆیه‌ له‌واتاكه‌ى تێبگه‌ن"، ده‌شڵێت:"دەبێت ئۆجەلان ئازادبکرێت‌و نەک هەر لەئیمراڵی نەمێنێت، بەڵکو دەبێت بتوانێت سەردانی هەموو شوێنێک بکات".


موراد قەرەیلان ئه‌ندامى فەرماندەیی هەپەگە له‌بەشی دوەم‌و کۆتایی چاوپێکەوتنی کەناڵی ستێرک تیڤی-دا ڕایگه‌یاند، "په‌یامى نوێمان بۆ توركیا ئه‌وه‌یه‌، بۆ ئەوەی متمانە دروستبێت، دەبێت عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئازاد بکرێت‌و نەک هەر لەئیمراڵی نەمێنێت، بەڵکو دەبێت بتوانێت سەردانی هەموو شوێنێک بکات".

وتیشى:"ئەو چەک سوتاندنە لەلایەن زۆربەی لایەنەکانەوە مانای خۆی هەیە، بەتایبەت ئەو شوێنەی کە مەراسیمەکە بەڕێوەچوو، لەمێژوی ئێمەدا جێگەی گرنگی هەیە، بەڵام ڕونە کە ئەم مەراسیمە بۆ بزوتنەوەکەمان مانای وایە کە ستراتیژی تێکۆشانی چەکداریی بەفەرمی‌و کردەیی کۆتایی پێهاتوە، بۆیە پێویستە دەسەڵاتدارانی تورکیاو هەرکەسێک ئەوە بزانن تائێستا ئێمە ئەوکەسانە بوین کە سوێندمان بەچەک دەخوارد، ئێمە لەمەراسیمەکانماندا بەوتنی: لەسەر شەرەف‌و چەکی خۆم سوێندمان دەخوارد، بەڵام ئێستا ئێمە چەکمان سوتاند، ئەمە مانای چییە؟ ئەمە گرێدراوی بانگەوازی ستراتیژیى بەواتاى گۆڕانکارییەکە".

قه‌ره‌یلان ئه‌وه‌شى وت:"ئێمە پێشنیازەکانی بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆمان جێبەجێکرد، ئێستاش تورکیا بانگەوازییەکەی دەوڵەت باخچەلی جێبەجێنەکردوە، ئێمە هه‌ر چاوەڕێی ئەوەین، چوارچێوەی بانگەوازییەکەی دەوڵەت باخچەلی لەتشرینی یەکەمی 2024 هەموو کەس ئاگادارە، ئێستا دەبێت لەم چوارچێوەیەدا کاربکەن‌و ڕێبەر ئاپۆ بەشێوەیەکی جەستەیی بەتەواوی ئازاد بکرێت".

سه‌ركرده‌ دیاره‌كه‌ى قه‌ندیل ئه‌وه‌شى ڕونكرده‌وه‌، "ڕاستە ئۆجه‌لان به‌ڕای گشتیی وت، ئازادی کەسێتی خۆی ناخاتە ڕۆژەڤەوەو نایەوێت ئێمەیش بیخەینە ڕۆژەڤی سەرەکیمانەوە، به‌ڵام زۆربەی هەڤاڵانی ئێستا، پێش هەموو شتێک بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بەشداریی ڕیزەکانی تێکۆشان بونە، بۆیە ڕاستە ڕەنگە ئاپۆ هەندێک شت لە پێشینەدا دانەنێت وەک ئازادی کەسێتی خۆی، بەڵام ئێمەش قسەی خۆمان هەیە، بۆیە ڕایدەگەیەنین کە ئازادی گەلەکەمان‌و هەڤاڵانمان گرێدراوە بەئازادیی ڕێبەر ئاپۆوە".

سه‌ركرده‌ دیاره‌كه‌ى قه‌ندیل نه‌یشاردوه‌ته‌وه‌، "ئه‌وان له‌كۆى پرۆسه‌كه‌ به‌گومانن‌و له‌هه‌مانكاتیشدا، بێ متمانه‌یى له‌ناوخۆى توركیاش ڕه‌نگه‌ به‌رامبه‌ر ئێمه‌ هه‌بێت، له‌م نێوه‌نده‌شدا گرنگه‌ هه‌موان متمانه‌مان به‌یه‌ك هه‌بێت‌و هه‌موان هه‌نگاوه‌كانى یه‌كتر ببینین".

سه‌باره‌ت به‌كۆمسیۆنه‌كه‌ى په‌رله‌مانى توركیاش، قه‌ره‌یلان وتویه‌تى، "هەرچەند درەنگ دامەزرا، بەڵام دامەزراندنی هەنگاوێکی گونجاوو ئەرێنییە، پرسی کورد پرسی هەموو تورکیایە، پرسی سەدەیەکە، بێگومان ئەم پرسە پێشئەوەش بونی هەبوە، شوێنی چارەسەری كێشه‌كان پەرلەمانە، دەبێت بۆچونی ئێمەش وەربگیرێت له‌م نێوه‌نده‌دا، هه‌رچه‌ند ئه‌كته‌رو به‌رده‌نگى سه‌ره‌كی گه‌لى كورد ڕێبه‌ر ئاپۆیه‌".