غه‌ززه‌ییه‌كان بۆ وڵاتێكى وێران‌و پڕ له‌ئاڵۆزیى ده‌گوازرێنه‌وه‌

جیهان

13/08/2025‌ 7524 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئاژانسى فرانس پرێس لەڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، حکومەتى ئیسرائیل لەدانوستاندایە بۆ ئەوەی فەڵەستینییەکان لەغەززە بگوازێتەوە بۆ باشوری سودان‌و لەوێ نیشتەجێیان بکات، بۆ ئەو مەبەستەش شاندێک سەردانى ئەو وڵاتە دەکات.


له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ شەش کەسی ئاگادار لەو بابەتە، گفتوگۆکانیان لەگەڵ ئەسۆشێتدپرێس کردوەو زانیاریەکانیان پشتڕاستکردەوە، بەڵام ئەوە ڕوننەکراوەتەوە تائێستا گفتوگۆکان چەند پێشکەوتون، بەڵام ئەگەر جێبەجێبکرێن، پلانەکان دەچنەسەر گواستنەوەی خەڵک لەخاکێکی وێرانکراوی شەڕەوە کە مەترسی برسێتییان لەسەرە بۆ خاکێکی دیکە، هەروەها نیگەرانییەکانی مافەکانی مرۆڤ دەوروژێنن.

ئیسرائیلیەکان لەگفتوگۆدان سەبارەت بەئەگەری نیشتەجێکردنی فەڵەستینییەکانى کەرتى غەززە لەباشوری سودان له‌ڕۆژهەڵاتی ئەفریقای جەنگاوی، ئەمەش بەشێکە لەهەوڵە بەرفراوانەکانی ئیسرائیل بۆ ئاسانکاریی بۆ کۆچی بەکۆمەڵ لەو خاکەی کە بەهۆی هێرشە 22 مانگەکەیەوە بۆسەر حەماس وێران بوە.

بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، "دەیەوێت دیدگای دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ گواستنەوەی بەشێکی زۆری دانیشتوانی غەززە لەڕێگەی ئەو شتەوە بەدیبهێنێت کە ناتانیاهۆ بەکۆچی خۆبەخشانە ناوی دەبات".

ئیسرائیل پێشنیازی هاوشێوەی نیشتەجێکردنی لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ئەفریقادا خستوه‌تەڕوو.

نەتانیاهۆ لەچاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ i24و کەناڵی تەلەفزیۆنی ئیسرائیل وتی، "پێموایە کارێکی دروست، تەنانەت به‌گوێره‌ى یاساکانی جەنگیش وەک من دەیانناسم، ئەوەیە ڕێگە بەدانیشتوان بدەیت بچنە دەرەوە، دواتر بەهەموو هێزەوە دەچیتە ژورەوە دژی ئەو دوژمنەی کە لەوێ دەمێنێتەوە، ئاماژەی بەباشوری سودان نەکردوە".

فەڵەستینییەکان‌و گروپە چەکدارەکانى وەک حەماس‌و بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەو پێشنیازانەیان وەک نەخشەیەک بۆ دەرکردنی زۆرەملێ بەپێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕەتکردوەتەوە.

بۆ باشوری سودان، ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە دەتوانێت یارمەتی بدات بۆ دروستکردنی پەیوەندیی نزیکتر لەگەڵ ئیسرائیل، کە ئێستا دەسەڵاتی سەربازیی هەیە لەتەواوى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

دۆناڵد ترەمپ لەمانگی شوباتدا بیرۆکەی نیشتەجێکردنی دانیشتوانی غەززەی خستەڕوو، بەڵام پێدەچێت لەم چەند مانگەی ڕابردودا پاشەکشەی لەو بیرۆکەیە کردبێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ئامادەنەبوو هیچ لێدوانێک بدات‌و وەزیری دەرەوەی سودانی باشوریش وەڵامی پرسیارەکانی سەبارەت بەدانوستانەکان نەدایەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، هیچ لێدوانێک لەسەر گفتوگۆ دیپلۆماسییە تایبەتەکان نادات.

میسر دژایەتی پێشنیارەکانی نیشتەجێکردنی فەڵەستینییەکان لەدەرەوەی غەززە دەکات.

جۆ سزلاڤیک دامەزرێنەری کۆمپانیایەکی لۆبیکردنی ئەمریکی کە لەگەڵ باشوری سودان کاردەکات ڕایگەیاندوە، لەلایەن بەرپرسانی باشوری سودانەوە کورتەیەک لەبارەی گفتوگۆکانەوە ئاگادارکراونەتەوە.

ئەو ئاماژەی بەوەشکرد، شاندێکی ئیسرائیل بەنیازە سەردانی ئەو وڵاتە بکات بۆ ئەوەی بەدواداچون بۆ ئەگەری دانانی کەمپ بۆ فەڵەستینییەکان لەوێ بکات.

تائێستا هیچ وادەیەکی دیاریکراو بۆ سەردانەکە دیارینەکراوە، ئیسرائیل دەستبەجێ وەڵامی داواکارییەکی بۆ پشتڕاستکردنەوەی سەردانەکەی نەدایەوە.

سزلاڤیک وتی، "پێدەچێت ئیسرائیل پارەی کەمپە کاتییەکان بدات".