شارپرێس:
گروپێکی سهر بهحەشدی شەعبی، ھۆشداریی لەبارەی دەستکاریکردنی کارتی دەنگدان دەداتو داوای لەچەکدارانی حەشدی شەعبیو ھاوڵاتییان كردوه، بەتوندی ڕوبەڕوی ئەو پێشێلکارییانە ببنەوە.
فرقەی عەبباس قیتالی کە سەر بەمەزارگەی عەبباسیهیە، ڕونکردنەوەیەکی لەبارەی سکاڵاکانی چەکدارانی حەشدی شەعبی بڵاوکردەوە، تێیدا ئاماژە بەھەبونی "دەستکاریکردنی گوماناوی" لەکارتی دەنگدان دەکات.
فرقەکە کە لیوای 26ى ناو حەشدی شەعبیه دەڵێت، "ئەم دەستکاریکردنانە گەندەڵییەکی ئاشکراو قەدەغەکراوی شەرعییە".
هاوكات فرقەی عەبباس قیتالی كه ڕاستهوخۆ سەر عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکانى عێراقه، ئاماژەى بەفەتوایهكى مەرجەعیەتهكهیان كردوه لهساڵى (2014)دا، "بەڕوونی باس لەقەدەغەکردنی فرۆشتنی کارتی دەنگدان، یان ناچارکردنی ھەر ھاوڵاتییەک بۆ دەستبەرداربون لێی دەکات".
فرقەکە داوای لەچەکدارانی حەشدی شەعبیو سەرجەم ھاوڵاتییانیش كردوه بەتوندی ڕوبەڕوی ئەم پێشێلکارییانە ببنەوەو دهڵێت، "ھەموو جۆرە گوشارێکی گەندەڵکاران ڕەتبکەنەوە، بێگوێدانە پلەو پۆستەکانیان".
فرقەی عەبباس قیتالی، 7310 چەکداری بەکردەوە هەیە، لەگەڵ 35 بۆ 40 هەزار چەکداری یەدەگ.
ئەمەش لەكاتێكدایە بڕیارە لە 11ی تشرینی دوەمی ئەمساڵ هەڵبژاردن بۆ 329 کورسیی پەرلەمانی عێراق بکرێت، لەعێراق نزیکەی 29 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، زیاتر لە 21 ملیۆن کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان هەیەو دەتوانن دەنگبدەن.
