شارپرێس:
وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەبارەی ئەو كەسە ئەمریكییەی كە لەنلو دەستگیرکراوانی لالەزاری سلێمانیدا هەیە دەڵێت، "ئەو کەسە بێ ئاگاداری وڵاتەکەی مەشقی بەهێزی نایاسایی کردوە".
عەقید سەلام عەبدولخالق، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند: "هاوڵاتییەکی ئەمریکی بە ناوی برایان ویڵسن لەشەوی ڕوداوەکەی لالەزاردا لە 22-08-2025 دەستگیرکراوە".
وتەبێژی دەزگای ئاسایش ئاماژەی بەوەشدا"پاش لێکۆڵینەوە لەگەڵ برایان ویڵسن دانی بەوەدا ناوە، کە خۆی سەربەخۆ و بەبێ ئاگاداری و رەزامەندیی وڵاتەکەی کە ئەمریکایە هاوکار بوە لە دروستکردن و مەشق و راهێنانی مەیدانی بە میلشیایەکی چەکداری نایاسایی بە ناوی (هێزی دوپشک)".
ئەوەشی خستەڕو"برایان ویڵسن وەکو کەسێکی بەکرێگیراو ئەرکی مەشق و راهێنانی سەربازی بوە بەو هێزە و بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش دەستگیرکراوە و ئێستا لە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگیراوە و یاسای بەسەردا جێبەجێ دەکرێت".