شارپرێس:
دوای ئەوەی چەند درۆنێک ئاسمانی وڵاتەکەیان بەزاند، حکومەتی پۆڵەندا داوای کۆبونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکاتو 40 ههزار سهرباز لهسنورهكانیدا بڵاودهكاتهوه.
نێردەی کۆریای باشور لەنەتەوەیەکگرتوەکان کە بۆ مانگی ئەیلول سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایش دەکات، ڕایگەیاند، "حکومەتی پۆڵەندا داوای کۆبونەوەی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی کردوە سەبارەت بەو درۆنانەی ئاسمانی وڵاتەکەیان بەزاندوە".
نێردەی کۆریای باشور ئاماژەی بەوەکرد، دوای داوای پۆڵەندا، ئێستا گفتوگۆ لەبارەی دیاریکردنی کاتێکی گونجاو بۆ کۆبونەوەکە دەکەن.
پێشتر، سەرۆک وەزیرانی پۆڵەندا، دۆناڵد تۆسک بەشداریی هێزەکانی بەرگریی سوپای وڵاتەکەی کردبوو بۆ خستنەخوارەوەی ئەو درۆنانەی ئاسمانی وڵاتەکەیانی بەزاندبوو، ئەوکات وتیشی، "ئەو درۆنانە ڕوسین، بەڵام هیچ بەڵگەیەکی بۆ پشتڕاستکردنەوەی قسەکانی نیشان نەدا".
لەبەرامبەردا، ئەندریە ئۆرداش هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ڕوسیا لەپۆڵەندا ڕایگەیاند، "پۆڵەندا هیچ بەڵگەیەکی نەخستوەتەڕوو کە تێیدا بیسەلمێنێت، ئەو درۆنانەی لەئاسمانی پۆڵەندا خراونەتە خوارەوە ڕوسین، لەگەڵ ئەوەشدا، وەزارەتی بەرگریی ڕوسیا ڕەتیکردەوە، بەدرۆن هێرشیکردبێتەسەر پۆڵەندا.
هەر لەبارەی ئەو هەواڵانەی لەوبارەوە بڵاودەکرێنەوە، دیمیتری پیسکۆڤ وتەبێژی فەرمی سەرۆکایەتی ڕوسیا ئاماژەی بەوەکرد، سەرکردەکانی ئەوروپاو ناتۆ (هاوپەیمانی ئەتڵەسی)، ڕۆژانە ڕوسیا تۆمەتباردەکەن بێئەوەی هیچ بەڵگەیەک بۆ قسەکانیان بخەنەڕوو.
ئهوهش لهكاتێكدایه، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای پۆڵەندا ئاشكرایكردوه، بەهۆی مانۆڕەکانی ڕوسیاو بیلاڕوسەوە، 40 ههزار سەرباز لهسنورەکانی وڵاتی بیلاڕوس بڵاودەکەینەوە.
