بڕیاری کۆتایی لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم درا

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1206 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی دا لەسەر پێشنیاری رادەستکردنی بەشێکی نەوتی بە کۆمپانیا نەوتییەکان، لەبری 16 دۆلاری تێچوی بەرهەمێنانی نەوت بۆ هەر بەرمیلێک.


میدیای یەکێتی لەزاری سەرچاوەیەکیەوە بڵاویکردەوە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا کرێی دەرهێنانی نەوت بۆ کۆمپانیا بیانییەکان، کە بۆ هەر بەرمیلێک بە 16 دۆلار دیاریکراوە، چیتر بە پارەی کاش نەدرێت، لە بری ئەوە، بڕی ئەو نەوتەیان پێدەدرێت کە هاوتای شایستە داراییەکانیانە و کۆمپانیاکان خۆیان بەرپرس دەبن لە فرۆشتنی ئەو نەوتە لە بازاڕەکاندا.

ئەوەشیخستەڕوو، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق رەزامەندیی سەرەتایی نیشاندا لەسەر ئەنجامدانی گرێبەستێکی سێقۆڵی لەنێوان (حکومەتی هەرێمی کوردستان - حکومەتی فیدراڵی عیراق - کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان).

بەپێی ئەو زانیارییانە، مەرجی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە ئەوەیە کە حکومەتی عیراق گرێبەستەکە بەرز بکاتەوە بۆ لیژنەی راوێژکاریی وەزارەتی نەوتی عیراق. چاوەڕوان دەکرێت لیژنەکە لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوودا وەڵامی کۆتایی خۆی بداتەوە، تاوەکو گرێبەستە سێ لایەنییەکە بە فەرمی ئەنجام بدرێت و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.