لوتکەی بەپەلەی عەرەبی - ئیسلامی لە دەوحە و چەند سەرنجێک

ڕاپۆرت

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 145 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ڕاپۆرتی شیکاری شارپرێس:

پێشەکی
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەم دواییانەدا شایەتحاڵی ڕووداوێکی بێ وێنە بوو، ئەویش بانگهێشتکردنی لوتکەی بەپەلەی عەرەبی - ئیسلامی لە دەوحەی پایتەختی قەتەر دوای هێرشی ڕاستەوخۆی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو وڵاتە بە ئامانجى تیرۆرکردنی سەرکردەکانی حەماس، هەروەها لوتکەکە لە هەلومەرجێکى زۆر ئاڵۆزی نێودەوڵەتی و ناوچەییدا بەڕێوەچوو، کە گرژییەکانی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل لەپەرەسەندندان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەیتوانیوە هیچ کۆنتڕۆڵێکی کاریگەر بەسەر ئیسرائیلدا بسەپێنێت.
لوتکەکە نوێنەرایەتی مۆدێلێکی ناوازەی وەڵامدانەوەی بەکۆمەڵی عەرەبی و ئیسلامی دەکات، کە وڵاتان کۆدەکاتەوە بۆ گرتنەبەری هەڵوێستێکی یەکگرتوو لە دژی پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان، سەربارى ئاشکرا بوونى دابەشبوونێکی قووڵ لە نێوان وڵاتانی بەشداربوودا کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر بڕیار و کردارەکانی داهاتوو هەبێت.

پاشخانی ڕووداوەکە
1.     لە 9 ئەيلولي ٢٠٢٥ ناوچەکە شایەتحاڵى هێرشێکی بێ وێنەی ئیسرائیل بوو کە دەوحەی پایتەختی قەتەری کردە ئامانج لە هەوڵێکدا بۆ تیرۆرکردنی سەرکردەکانی حەماس، کردەوەیەک کە دواتر لەلایەن لوتکەکەوە بە ترسنۆکانە و ناشەرعی وەسفکرا. ئەم هێرشە بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەری قەتەر دانرا و کاردانەوەی بەربڵاوی عەرەبی و ئیسلامی بەدوای خۆیدا هێنا، ئەمەش وایکرد دەوحە دەستبەجێ داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی سەرکردەکانی عەرەب و موسڵمان بکات.
2.     ئەم لوتکەیە لە کاتێکی هەستیاردا ئەنجامدرا و هاوکات بوو لەگەڵ: 
‌أ.      بەردەوامی هەڵکشانی شەڕى ئیسرائیل لە غەززە و کوژرانى هەزاران هاوڵاتی مەدەنی.
‌ب.    بێکاریگەری بڕیارنامە نێودەوڵەتییەکانی پێشوو، لەوانەش بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایش.
‌ج.     لایەنگری ڕوونی ئەمریکا لە ئیسرائیل، لەوانەش سەردانەکانی مەیدانی سیناتۆر مارکۆ ڕوبیۆ کە هاوکاتە لەگەڵ لوتکەکە.
یەکگرتوویی هەڵوێستی عەرەبی و ئیسلامی

لە بەیاننامەی کۆتایی لوتکەکەدا جەخت لەسەر چەند خاڵێکی سەرەکی کرایەوە:
1.     ڕەتکردنەوەی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل و سەپاندنی کۆنترۆڵ بە هێز بەسەر خاکی فەڵەستین و وڵاتە عەرەبییەکاندا.
2.     بەرپرسیار کردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە گرتنەبەری ڕێوشوێنى گونجاو بۆ وەستاندنی پێشێلکارییەکان.
3.     داوای پابەندبوون بە یاسا و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان کرا و هاوکات هۆشداری درا لە کاردانەوەکانی بێدەنگی جیهانی.
4.     لە لوتکەکەدا هۆشدارییەکی ئاشکرا لە دژی هەر هەوڵێک بۆ بەئامانجگرتنی قەتەر خرایە ڕوو و ڕەتی ئەوەکرایەوە هەر جۆرە پێشێلکارییەکى سەروەری دەوڵەتان ئەنجامبدریت و ئەمەریکاش بە بەرپرسیار زانرا لەوەى کە دەبێت ڕێگری بکات لە دووبارەکردنەوەی ئەو جۆرە هێرشانەى ئیسرائیل، بە تایبەت کە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ئامادە بوو.
پەیامە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی لوتکەکە
1.     ڕەتکردنەوەی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل و سیاسەتی فراوانخوازی.
2.     جەختکردنەوە لەسەر یەکگرتوویی هەڵوێستی عەرەبی و ئیسلامی، سەرەڕای ناکۆکی ناوخۆیی.
3.     داواکردن لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت و پێشێلکارییەکان ڕابگرێت.
4.     هۆشداریدان بە ئیسرائیل لە درێژەدان بە سیاسەتە شەڕانگێزەکانی و ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی بە گۆشەگیرکردنی سیاسی و ستراتیژی.
5.     جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی ئەمریکا، لە هەمان کاتدا تیشک خستنە سەر کاریگەری سنوورداری لێدوانەکان ئەگەر هەنگاوی پراکتیکی لەگەڵدا نەبێت.

هەڵسەنگاندنی بڕیارەکان
1.     لوتکەکە هەڵوێستێکی یەکگرتووی عەرەبی و ئیسلامی نیشاندا لە ئیدانەکردنى ئیسرائیل و جەختی لەوە کردەوە کە هێرشکردنە سەر سەروەری وڵاتان بێ سزا نابێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەیاننامەی کۆتایی میکانیزمی تایبەتی جێبەجێکردنی لەخۆ نەگرتبوو.
2.     فشاری بەردەوامی پراکتیکی و میدیایی و یاسایی دەتوانێت ئیسرائیل بخاتە ژێرگوشارەوە نەوەک تەنها لێدوانی ناوبەناو کە تەلئەبیب لە مێژە ڕاهاتووە پشتگوێی بخات.
3.     ئەگەر لوتکەیەکی بەم قەبارە و فرەچەشنییە نەتوانێت کاریگەری لەسەر بڕیارە نێودەوڵەتییەکان هەبێت، ئەوە ئاماژەیە بۆ کەموکوڕییەکی قووڵ لە نەزمی جیهانیدا. هێرش بۆ سەر قەتەر تەنیا ڕووداوێک نەبوو دژ بە دەوڵەتێک، بەڵکو پێشێلکارییەکی ئاشکرای ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان بوو.
4.     سەرەڕای نمایشکردنى یەکگرتوویی، لوتکەکە دابەشبوونی ناوخۆیی لە نێوان دەوڵەتانی عەرەبیدا دەرخست، ئەمەش دەتوانێت ڕێگە بە نەتانیاهۆ بدات ئەم دابەشبوونانە بقۆزێتەوە بۆ درێژەدان بە سیاسەتە داگیرکارییەکانى.
5.     پاشەکشەی ئەو وڵاتانەى بیریان لە بەشداریکردن لە ڕێککەوتنى ئیبراهیمی دەکردەوە و ئەمەش ڕەنگدانەوەی کاریگەرییە نەرێنییە ڕاستەوخۆکانی هێرشەکەیە لەسەر هەوڵەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل.

نەبوونی میکانیزمی کۆنکرێتی
1.     سەرەڕای یەکگرتوویی بەیاننامەی کۆتایی، بەڵام میکانیزمی کۆنکرێتی بۆ جێبەجێکردن نەخرایە ڕوو.
2.     لە لوتکەکەدا هەنگاوی کردەیی بۆ سنووردارکردنی دەستدرێژیی ئیسرائیلی نەخرایەڕوو، بەو پێیەى تەنیا لێدوانەکان بەس نین، بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی دوور و درێژی بڕیارنامە نێودەوڵەتییە ناکاریگەرەکان.
3.     پێویستی پەرەپێدانی ستراتیژییەکی بەردەوام کە فشاری میدیایی و یاسایی و دیپلۆماسی لەخۆبگرێت بۆ دڵنیابوون لە دروستکردنى لەمپەرێکى کاریگەر لەبەردەم ئیسرائیلدا.

دەرەنجامەکان
1.     لوتکەی بەپەلەی عەرەبی - ئیسلامی لە دەوحە ڕەنگدانەوەی قۆناغێکی هەستیارە لە ململانێی عەرەب و ئیسرائیل، کە تاقیکردنەوەیەکی نوێ دەخاتە بەردەم ئیسرائیل و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
2.     لوتکەکە یەکڕیزی هەڵوێستی عەرەبى - ئیسلامیی نیشان دا سەرەڕای دووبەرەکی نێوخۆیی و تیشکی خستە سەر سنوورداربوونی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان و ڕێککەوتنی ئیبراهیمی لە ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتە شەڕانگێزەکانی ئیسرائیل.
3.    لوتکەکە کۆتایی بەکارەکانى هێنا بەبێ ئەوەى جەخت لەسەر پێویستی گۆڕینی لێدوانەکان بۆ کردار بکاتەوە و ڕێوشوێنی پراکتیکی بەردەوام لە سەر ئاستی میدیا و یاسایی و دیپلۆماسی بگرێتە بەر.