ئه‌نجومه‌نى ده‌وڵه‌ت خۆى بۆ یه‌كلایینه‌كرایه‌وه‌و سبه‌ینێ بڕیار ده‌دات

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 11324 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌گوێره‌ى میدیاى عێراقى، لەکۆبونەوەی ئەمڕۆیدا، ئەنجومەنی دەوڵەت خۆى بۆ یه‌كلایینه‌كرایه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌پرسی ڕاوێژی بۆ ئەنجومەنی وەزیران تایبه‌ت به‌داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان، سه‌رچاوه‌یه‌كیش ده‌ڵێت، "ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ سبه‌ینێ بڕیارده‌دات‌و خۆى یه‌كلاده‌كاته‌وه‌".


به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى میدیاى عێراقى بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، لەکۆبونەوەکەی ئه‌مڕۆى ئەنجومەنی دەوڵەت، نوێنەری حکومەتی هەرێم بەشدارینه‌كردوه‌، لەبەرئەوەی وتراوه‌، بەشداریی هەر نوێنەرێکی کورد لەو دانیشتنە، دواتر بڕیاری کۆبونەوەکە دەبێتە بڕیارێکی پابەندکاریی.

ئه‌وه‌ش باسكراوه‌، بەرپرسە باڵاكانى هەرێم وتویانە، داواکارییەکە لەبنەڕەتدا داواکاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بوە بۆیە نوێنەری هەرێم بەشدارینه‌كردوه‌، چونكه‌ زانراوە نیەتێک هەیە لەبەغدا بۆ بەلاڕێدابردنى پرسه‌كه‌، به‌ڵام به‌بێ ئاماده‌بونى نوێنه‌رانى كورد، ئه‌گه‌ر هه‌ر بڕیارێكیش بدرێت‌و به‌دڵى هه‌رێم نه‌بێت، ئه‌وا حکومەتی هەرێم دەتوانێت لەدادگای فیدڕاڵی تانەى لێبدات.

سه‌باره‌ت به‌دواخستنی کۆبونەوەکەی ئەمڕۆش، ئاشكراكراوه‌، کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنەکە بەبێ هیچ ئەنجامێک کۆتاییهاتوەو بەکراوەیی بۆ سبەینێ چوارشەممە هێڵدراوه‌ته‌وه‌.

بڕیاروایه‌ سبەینێ دەستەی گشتیی کۆببێتەوەو ڕونکردنەوەکانی بۆ حکومەتی عێراق بنێرێتەوە، ئەمەش به‌گوێره‌ى یاسای ئەنجومەنی دەوڵەت ساڵی 1979.

ئەنجومەنی دەوڵەت له‌شەش دامەزراوە پێکدێت، سیانیان دەستەیەو سیانه‌كه‌ى دیكه‌ش دادگایه‌، ئەوەی ئەمڕۆ، تەنها ڕاوێژکاریی بوەو بڕیاری کۆتایی لای دەستەی گشتییە، هەربۆیە ئەمڕۆ بابەتی داهاتی نانەوتی نه‌چوه‌ته‌ ناو کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیش.

بەپەلە