شارپرێس - كەنداڵ جودی:
بەرپرسێکی باڵای سەربازیی لەڕۆژئاوای کوردستان ئاماژه بهوهدهكات، ئەگەر تورکیا هێرشبکاتەسەر ڕۆژئاواى كوردستان، بهواتاى دابەشبونی سوریا دێت، دەشڵێت، "تورکیا ڕێگریی لەجێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانی نێوان ئێمەو حکومەتی کاتی لەدیمەشق دەکات".
ئهو ژنه فهرماندهیه باس لهوهدهكات، لهسێ مانگى ڕابردودا ژمارهیهكى زۆر لههێزهكانمان بههۆى پهلامارهكانهوه شههیدبون، بهڵام وهك خۆى دهڵێت:"توانییمان ڕێگریى لهپلانێكى گهورهى پهلاماردانى گرتوخانهكانى ڕۆژئاواى كوردستان بكهینو پیلانهكان پوچهڵبكهینهوه".
جهختیشدهكاتهوه، "داعش جموجۆڵی لەناوچەکەدا زیادکردوە، بەڵام ڕوبهڕوبونهوهى توندى ههسهده دژ بەو گروپه تیرۆریستیه بەهاوکاریی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بهسهختى بەردەوامە.
شارپرێس لەڕۆژئاوای کوردستان دیدارێكى تایبهتى لهگهڵ ڕۆهلات عەفرین فەرماندەی گشتیی یەپەژەو ئەندامی فەرماندەیی هێزهكانى سوریاى دیموكرات (ههسهده) ئەنجامداوه.
دهقى دیدارهكه:
شارپرێس: هۆکاری دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەتان لەکەمپی هۆڵ چی بوو؟ بەگشتیی چالاکی داعش لەناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە چ ئاستێکدایە؟
عەفرین: پێش ئۆپەراسیۆن لەکەمپی هۆڵ ئۆپەراسیۆنێکی 14 کاتژمێری لەشاری حەسەکە ئەنجامدرا، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لەلایەن هێزەکانی هەواڵگریمانو هاوبەشەکانمان لەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی کۆکراونەتەوە، شانەکانی داعش خۆیان ئامادەدەکرد بۆ هێرشکردنەسەر شاری حەسەکە، بەتایبەتی ئەو گرتوخانانهى ئەندامانی داعشی تێدا ڕاگیراون.
بۆیە بەمەبەستی ڕێگریکردن لەو پهلاماره، سێ هەزار هێزمان لەهێزەکانی ههسهدهو یهپهژهو هێزهكانى ڕوبهڕوبونهوهى دژهتیرۆرى ڕۆژئاواو ئاسایشی ناوخۆ كۆكردهوهو پێكهوه ئۆپەراسیۆنێکیان لەشاری حەسەکە دەستپێکردو لەئەنجامدا 51 ئهندامى داعش دهستگیركرانو چەندین چەکو تەقەمەنیش لەلایەن هێزەکانمانەوە دەستیان بەسەرداگیرا.
دوابەدوای ئەم ئۆپەراسیۆنەش ئۆپەراسیۆنێک لەکەمپی هۆڵ دەستیپێکرد، هۆکاری ئەو ئۆپەراسیۆنەش ئەوەبوو، کە لەچەند مانگی ڕابردودا هێرشەکان بۆسەر ڕێکخراوەکانو کارمەندەکانیان کە لەو کەمپەدا کاردەکەن زیادیکردبوو، هەروەها چەندین خێمە سوتێنرابوو.
لەهەمانکاتدا لەناو کەمپی هۆڵدا، ئەو گەنجانەی کە هێشتا تەمەنی یاسایییان هەیە، لەسەر ئایدۆلۆژیای داعش ڕاهێنانیان پێدەکرێتو ئامادەکاریی بۆ هەڵهاتن لەو کەمپە دهكرا، بۆیە ئەمەش وایکرد هێزەکانمان ئۆپەراسیۆنێک لەکەمپهكه دەستپێبکەن بۆ ئەوەی ڕێگریی لەسەرلێشێواوی زیاتر لەکەمپەکەدا بکرێتو پلانە دەرەکییەکان پوچەڵبکرێنهوه.
لەماوەی سێ مانگی ڕابردودا، 45 هێرشی شانەکانی داعش لەشهدادى، دێرەزور، باشوری حەسەکەو ڕەققە ڕویداوەو لەئەنجامدا 47 ئەندامی هێزە سەربازییەکانمان شەهیدبون.
بەشێوەیەکی گشتیی لەدوای ڕوخانی ڕژێمی ئەسەدو سەرهەڵدانی بۆشایی ئەمنیی، شانەکانی داعش هەوڵی ئەوە دەدەن کە سود لەوەوەربگرنو خۆیان ڕێکبخەنهوه.
بەتایبەت لەناوچەی بادیەی سوریا، هەروەها جموجۆڵەکانیان لەناوچەکانی ئێمەدا زیادیکردوەو هەوڵیانداوە ئارامی شارەکانمان تێکبدەن، بەڵام بەهۆی دامەزراوە ئەمنییو سەربازییەکانمانەوە نەمانهێشتوه هیچ ئاژاوەیەک ڕوبدات، دوای هەردوو ئۆپەراسیۆنەکە ئاشتیی لەکۆمەڵگهدا زیادیکردوە.
شارپرێس: کاک ڕۆهلات عەفرین ئەنجامی ئۆپهراسیۆنی کەمپی هۆڵ چی بوو؟
عەفرین: بۆیە ئەم ئۆپەراسیۆنە بەپاڵپشتی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرکەوتویی تەواوبوو.
شارپرێس: با بچینەسەر بابەتێکی دیكهى گرنگ، ئەویش دانوستانی نێوان ئێوەو حکومەتی دیمەشقە، ئهو پرسه بهكوێگهیشتو پێتانوایه وهكو كورد دهڵێ هیچى لێ سهوز دهبێت؟
عەفرین: دوای دوا سەردانی لیژنەی دانوستانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا بۆ دیمەشق، تائێستا هیچ سەردانێک نەکراوەتهوه، دوای ئەوە کۆبونەوەی پاریس خرایە بەرنامەی کار.
ئێمه لای خۆمانەوە، لەڕێگەی نێوەندگیریی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیهوه، ئامادەکاریمان کردوە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی کاتی لەدیمەشق لەپاریس، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی ناوچەکە بەگشتییو شێوازەکانی بەشداریکردنمان لهو حكومهتهى ئێستا لهدیمهشق ههیه، بەڵام پێش کۆبونەوەی پاریس، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دەستبەجێ سەردانی دیمەشقی کردو لەئەنجامدا هاکان فیدان فشاری خستەسەر حکومەتی کاتی لەدیمەشق کە بەشداریی ئهو کۆبونەوەیه نەکات.
ئەمەش کاریگەریی لەسەر حکومەتی کاتیی لەدیمەشق هەبوو، ههربۆیه ئهو كۆبونهوهیه نهكرا، بەگشتیی دەستێوەردانی دەرەکیو بەتایبەتیش دەستێوەردانی تورکیا لەبڕیارەکانی حکومەتی کاتیی دیمەشق، توركیا ڕێگەنادات دانوستانەکانی نێوان ئێمەو حکومەتی دیمەشق بەرەو پێشبچێت، بەداخەوە حکومەتی دیمەشق پشت بەتورکیا دەبەستێتو بەگوێرهى ویستو خواستهكانى ئهنكهره مامەڵە دەکات.
شارپرێس: ڕۆڵی تورکیا چییە لەئاستەنگ بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ی ئادارى نێوان مهزڵوم عهبدىو ئهحمهد شهرع؟
عەفرین: تورکیا ڕۆڵی سەرەکی دەبینێت لەڕێگریکردن لەجێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی 10ی ئادار، لەهەمانکاتدا ڕۆڵی هەیە لەڕێگریکردن لەڕێککەوتنی ئێمەو حکومەتی کاتی لەدیمەشق.
لەلایەکی دیکەوە دەوڵەتی تورکیا نایەوێت هەموو پێکهاتەکانی سوریا کۆببنەوەو پێکەوە بژین، بۆیە ڕاستەوخۆ دەستوەردان لەحکومەتی کاتیی لەدیمەشق دەکات، سود لهو نائارامییه دهبینێتو لهبهرژهوهندى خۆیىو گروپهكانى سهربهخۆى بهكاریدههێنێت.
شارپرێس: دوا پرسیار، باخچەلی هەڕەشەی هێرشکردنەسەر ڕۆژئاواى كوردستانى كرد، ئایا ئەگەری ئەوە هەیە تورکیا هێرشبکات، ئایا ئامادەکاریتان هەیە بۆ وەڵامدانەوەی ئەگەری هێرشێکی تورکیا؟
عەفرین: ئەم هەڕەشانە جارێکی دیكه ناسەقامگیریی لەسوریا دروستدەکەنو ڕێگر دهبن لەچارەسەر بۆ هەموو گەلی سوریا.
دواتر بیرمان نهچێت، ئەگەر تورکیا هێرشبکاتەسەر ڕۆژئاواى كوردستان، جارێکی دیکە شەڕێکی ناوخۆیی بێکۆتایی لەسوریاى بەدواوە دەبێت، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە تورکیا چەندە کاریگەریی لەسەر حکومەتی کاتیی لەدیمەشق هەیە. لەهەمانکاتدا بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیاو حکومەتی کاتی لەدیمەشق لەلێدوانەکانیاندا باس لەیەکگرتویی سوریا دەکەن، بەڵام ئەگەر تورکیا هێرشبکاتەسەر ڕۆژئاواى كوردستان، ئەمە بەواتاى دابەشبونی سوریا دێت.
