فەرەنسا پێشنیاز دەکات دانوستانەکانی هەسەدەو دیمەشق بگوازرێنەوە هەرێمی کوردستان

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 517 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپڕیس:

میدیای فەرمی سوریا لەزاری سەرچاوەیەکییەوە بڵاویکردەوە، فەرەنسا پێشنیازی کردوە شوێنی دانوستانەکانی داهاتوی نێوان بەرپرسانی هەسەدە و دەسەڵاتی دیمەشق بگۆڕدرێت، سێ شوێنیشیان پێشنیازکردوە، کە یەکێکیان هەرێمی کوردستانە.


کەناڵی (سوریا) لەبڵاوکراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکردوە،" وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا پێشنیازی کردوە بەرپرسانی هەسەدە و حکومەتی سوریا چەند چەند کۆبونەوەیەک لەوڵاتانی دەوروبەر ئەنجامبدەن، لەوانەش ئوردن، سعودیە، یانیش هەرێمی کوردستان ".

هەر بەپێی ئەو زانیارییانە، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا بە بەرپرسانی هەسەدەی وتوە، دەتوانرێت وڵاتانی دیکەی عەرەبی و تەنانەت تورکیاش بهێنرێنە ناو ئەو ڕێککەوتنە پشتیوانی لێ بکەن.

هاوکات، سەرچاوەیەک بە تەلەفزیۆنی سوریای ڕاگەیاندوە، حکومەتی سوریا ئەو پێشنیازەی رەتکردوەتەوە و ڕایوایە کە کێشەکانیان لەگەڵ هەسەدە دەبێت لەناوخۆدا چارەسەر بکرێت، چونکە کێشەیەکی ناوخۆیی سوریاییەکانە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، سەرباری ئەوەی ڕۆژی ١٠ی ئازار مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا رێککەوتنێکیان واژۆکرد، بەڵام تاکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە.