عەدنان زورفی دژ بە هەژموونی ئێران، داوای پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا دەکات

عیراق

11/10/2025‌ 482 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

لە ژێر ڕۆشنایی زیادبوونی ئاڵنگارییە سیاسی، ئابوری و دیپلۆماسییەکانی وڵاتدا، عەدنان زورفی، ئەندامی پەرلەمان و راسپێردراوی پێشووی سەرۆکوەزیرانی عێراق، وەک یەکێک لە دیارترین بانگەشەکاران بۆ هەڵسەنگاندنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەرکەوتووە.

زورفی جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە لاوازی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتۆن، و زیادبوونی هەژمونی ئێران، پێگەی نێودەوڵەتی عێراقی لاواز کردووە و ئابورییەکەی خستووەتە بەردەم مەترسییەکانەوە.

 ناوبراو ڕونیکردۆتەوە کە گروپە سیاسییە شیعەکان هەوڵ دەدەن کۆمپانیاکانی لۆبی ئەمریکی بەکاربهێنن بۆ باشترکردنی وێنەیان و کاریگەری دانان لەسەر سیاسەتی ئەمریکا، بەڵام ڕووبەڕووی پشتگوێخستن دەبنەوە لەلایەن ئیدارەی ئێستای ئەمریکاوە.

زورفی ئاماژەی بەوەکردووە کە لایەنەکان لەسەرجەم پێکهاتەکان هەوڵ دەدەن کەناڵی نوێنەرایەتی لە واشنتۆن بکەنەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا چوار گرووپی چەکداری عێراقی لایەنگری ئێرانی وەک ڕێکخراوی تیرۆریستی پۆلێن کرد. هەروەک ئاشکرای کردووە کە دوو کەسایەتی دیاری عێراقی نیشتەجێی ئەمریکا هەوڵ دەدەن کەناڵی لۆبی دروست بکەن بەبێ بەدەستهێنانی سەرکەوتنی ئەوتۆ.

هەروەک جەختی کردۆتەوە کە واشنتۆن حکومەتی عێراق بەپێی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تاران هەڵدەسەنگێنێت، کە ئەمەش ڕەنگە دامەزراوە داراییەکانی عێراق وەک دەستەی بازاڕکردنی نەوت  (سۆمۆ) و بانکی ناوەندی بخاتە بەردەم سزا نوێیەکانەوە.

زورفی هۆشداریدا لەوەی کە سزا ئابورییە گریمانکراوەکان زیانەکانیان لە هێرشە سەربازییەکان زیاتر دەبێت، جگە لەوەی ئاماژەی بە ئەگەری دواکەوتنی موچەی کەرتی گشتیی بۆ چەند مانگێک کردووە و ڕەخنەی لە حکومەتی ئێستا گرتووە بەهۆی بەهەدەردانی سەرچاوەکان و بێتوانایی لە بەڕێوەبردنی دۆسیەی دارایی، و ڕایگەیاند کە هاوپەیمانیێتییە سیاسییەکەی، "هاوپەیمانیی بەدیل"، توانای هەیە بە بیست کورسی پەرلەمانی براوە بێت و بەڕێوەبردنێکی دارایی کارا بەدی بهێنێت.

زورفی بەراوردی کردووە لەنێوان چالاکیی دیپلۆماسیی سوریا، کە لە سەردانەکەی سەرۆکی کاتیی ئەحمەد شەرع بۆ نیویۆرک ڕەنگی دایەوە، لەگەڵ سەختییەکانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران بۆ دابینکردنی کۆبوونەوەی باڵا لەگەڵ ئەمریکییەکان، بە بەڵگەی پاشەکشەی ڕۆڵی دیپلۆماسی عێراقی لە قەڵەمدا.

ئاشکراشیکردووە کە ئەمریکییەکان هۆشدارییان بە سەرکردەکانی عێراق داوەسەبارەت بە بەشدارینەکردنی گروپە چەکدارەکان لە هەڵبژاردنەکاندا.

 لە کۆتاییدا باسی لەوەکردووە کە بنیاتنانەوەی پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ واشنتۆن بۆتە پێویستییەکی ستراتیژی بۆ گەڕاندنەوەی پێگەی هەرێمیی و نێودەوڵەتی عێراق.