شارپرێس:
لەژێر فەرمانی ڕاستەوخۆی یسرائیل کاتز وەزیری بەرگری ئیسرائیل، سوپای ئیسرائیل دەستیکردوە بەدیاریکردنی سنوری "ناوچەی زەرد" لەکەرتی غەززە، کە ئەو ناوچەیەیە هێزەکانی ئیسرائیل لەقۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنی ئاگربەستدا لێی کشانەوە.
ئەم ناوچەیە کە نزیکەی 50%ی ڕوبەری کەرتی غەززە پێکدەهێنێت، هێشتا لەژێر "کۆنتڕۆڵی ئاگرینی" ئیسرائیلدایە.
سەرچاوە مەیدانییەکان ڕایانگەیاندوە، ئۆتۆمبێلی سەربازیی ئیسرائیلی دەستیانکردوە بەدانانی بلۆکی کۆنکرێتی ڕەنگ زەردو نیشانەی کانزایی بەدرێژایی "هێڵی زەرد" کە لەنەخشەکانی ڕێککەوتنەکەدا دیاریکراوە، بەمەودای نزیک لەیەکتر، بەمەبەستی دیاریکردنی سنوری کۆنترۆڵی سەربازیی.
کاتز بەئاشکرا هۆشداریدا کە ئەم نیشانانە وەک هۆشدارییەکە بۆ "حەماسو دانیشتوانی غەززە"و هەر "پێشێلکردنێک یان هەوڵێک بۆ تێپەڕاندنی هێڵەکە بەتەقە وەڵامدەدرێتەوە".
ڕاپۆرتە ئیسرائیلییەکان ئاماژەیان بەوەکردوە، ئەو هەنگاوە ئامانجی ناردنی پەیامێکە بۆ حەماس بۆ چۆڵکردنی هەر بونێکی لەپشت هێڵەکەو بەرپرسیارێتی هەر ڕوداوێک دەخەنە ئەستۆی حەماس.
نیگەرانیی هەیە لهوهى بههۆى ئەم هەنگاوەوه، نزیکەی نیوەی ڕوبەری کەرتی غەززەی کردوەتە واقیعێکی سەربازی نوێ، ڕەنگە ڕێگهش خۆشبکات بۆ کەمکردنەوەی هەمیشەیی ڕوبەری کەرتی غەززە.
هەروەک ڕۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت" ئاماژەی بەئەگەری گۆڕانی ئەو سنورانە کردوە بۆ دیوارێک لەحاڵەتی شکستی ڕێککەوتنەکە، لەگەڵ نیگەرانییەکان لەسەر هەوڵەکانی نیشتەجێبون لەناوچە وێرانکراوەکان کە ئێستا لەژێر کۆنتڕۆڵی ڕاستەقینەی ئیسرائیلدان.
