شارپرێس:
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشكرایكرد، پرسی ئەتۆمی وڵاتەكەی وەك پرسێكی سەرەكی جیهان دەمێنێتەوە.
ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، پرسی ئەتۆمیی ئێران وەک پرسێکی سەرەکیی جیهان دەمێنێتەوەو دەشڵێت، دانوستان تەنیا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن نییە.
بەقائی بەمیدیای وڵاتەکەی ڕاگەیاندوە، لای تاران بڕیارنامەی 2231ـی نەتەوەیەکگرتوەکان کۆتاییهاتوە، هیچ پابەندبونێکی بەئێرانەوە نەماوە و تەنانەت ڕوسیاو چین، کە دوو ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشن، هەمان بۆچونی تارانیان لەو بارەیەوە هەیە.
بەقائی باسی لەوەشکردوە، هیچ ڕاپۆرتێکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم نییە بیسەلمێنێت بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بەسەربازیی کراوە، مامەڵەکانی ئەمریکا هەموو پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی توشی گرفت کردوە.
ئیسماعیل بەقائی ئاماژەی بەوەشکرد، دانوستان تەنیا بۆ گەیشتن بەڕێککەوتن نییە، هەندێکجار دانوستان بۆ ڕونکردنەوەی هەڵوێستەکان، یان سەلماندنی خاڵێک، یاخود بەڕێوەبردنی قەیرانێک ئەنجامدەدرێت، ڕەنگە ئامانجی کۆتایی گەیشتن بەڕێککەوتن بێت، بەڵام ڕێگاکانی جیاوازە.
جەختیش دەكاتەوەو دەڵێت، ئێمە هەرگیز لەهەڵوێست و پرەنسیپەکانمان پاشەکشەمان نەکردوەو ئەگەر وا بوایە ئەمڕۆ ڕوبەڕوی ئەم ئاستە لەفشارو هەڕەشە نەدەبوینەوە.