شارپرێس:
کۆریای باکور ڕایگەیاند، سیستەمێکی نوێی چەکی تاقیکردوهتەوە کە پشت بەموشەکی خێراتر لەدەنگ (هایپەرسۆنیک) دەبەستێت، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ بەهێزکردنی توانا بەرگرییەکانی خۆی.
سوپای کۆریای باشور ئاماژەی بەوەکردوە، ئەم هەڵدانی موشەکە، کە ڕۆژی چوارشەممە ئەنجامدراوە، یەکەمجارە لەماوەی چەند مانگی ڕابردوداو تەنها چەند ڕۆژێک پێش کۆبونەوەیەکی هەرێمی بوە کە بڕیارە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لەسیئۆل بەشداریی تێدابکات.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی کۆریای باکور (KCNA) باسی لەوەکرد، سیستەمە نوێیەکە بەڵگەی نوێکردنەوەی بەردەوامی توانا بەرگرییەکانو خۆپارێزی وڵاتەکەیەو ئامانجی تاقیکردنەوەکەشی بەباشترکردنی "کاریگەریی دورخستنەوەی ستراتیژیی لەدژی دوژمنە گریمانکراوەکان ناوبردوە".
ڕاپۆرتەکان جەختیانکردوهتەوە، موشەکەکە کە لەباشوری پیۆنگیانگەوە هەڵدراوه، ئامانجێکی لەباکوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە پێکاوەو پێدەچێت موشەکەكه ڕوی لەکۆریای باشوربێت، بەتایبەتی لەگەڵ نزیکبونەوەی کۆڕبەندی هاوکاریی ئابوریی ئاسیا-زەریای هێمن (ئاپیک).
موشەکەکان بەخێراتر دەنگ (hypersonic) و بەتوانای مانۆڕکردنو خێرایی زۆریان جیادەکرێنەوە، کە وادەکات ڕێگرتن لێیان کارێکی سەخت بێت، وڵاتانی وەک ڕوسیاو ئێران ئەمجۆرە موشەکانەیان لەمدواییانەدا بەکارهێناوە.
لەسەر هەمان پرس، سیئۆل ڕایگەیاند، گەشتەکانی ناوچەی ئاسایشی هاوبەش (JSA)ی ناوچەی بێچەک (DMZ) بەشێوەیەکی کاتی ڕادەگرێت، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ سەردانەکەی ترەمپ بۆ نیمچەدورگەی کۆریا.
