کاریگەری خواردنی شەکر لە تەمەنی منداڵیی و زیانەکانی

هەمەڕەنگ

24/10/2025‌ 314 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرای دەکات کە کەمکردنەوەی ڕێژەی خواردنی شەکر لە قۆناغی زووی منداڵییدا، کاریگەرییەکی زۆر ئەرێنی و درێژخایەنی لەسەر تەندرووستیی دڵ و خوێنبەرەکان دەبێت بۆ هەموو تەمەن.

توێژینەوەکە کە لەسەر داتا تەندرووستییەکانی شانشینی یەکگرتوو ئەنجامدراوە، چاودێریی ئەو کەسانەی کردووە کە لە ماوەی جەنگی جیهانیی دووەمدا و دوای ئەوە لەدایکبوون. لەو ماوەیەدا، بەهۆی کەمی خۆراکەوە، ڕێژەی خواردنی شەکر لەلایەن دایکان و منداڵانی ساواوە زۆر کەمکرابووەوە.

ئەنجامەکان دەریانخستووە کە ئەو کەسانەی لە ماوەی کەمبوونەوەی شەکردا گەشەیان کردووە (لە ماوەی دوو ساڵی یەکەمی ژیانیان و کاتی سکپڕی دایکیان)، بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمتر تووشی نەخۆشییەکانی دڵ، وەک جەڵتەی دڵ، سستی دڵ، لێدانی ناتەواوی دڵ و جەڵتەی مێشک بوون بە بەراورد لەگەڵ ئەوانەی دواتر لەدایکبوون.

بەگوێرەی توێژینەوەکە، کەمکردنەوەی شەکر لەو قۆناغەدا مەترسییەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکانی بە ڕێژەی نزیکەی 20٪ کەمکردووەتەوە. ئەمەش جەخت لەسەر گرنگیی کەمکردنەوەی شەکر دەکاتەوە لە سەرەتای ژیانەوە بۆ پاراستنی تەندروستی دڵ لە داهاتوویەکی دووردا.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی