په‌یامێك له‌مه‌زڵوم عه‌بدیه‌وه‌

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3900 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مه‌زڵوم عه‌بدى په‌یامێكى له‌ڕۆژى جیهانیى هاوپشتى له‌گه‌ڵ به‌رخۆدانى كۆبانێ بڵاوكرده‌وه‌و ڕایگه‌یاندوه‌، "هەموو ئەوانەی لەو ڕۆژە سەختانەدا لەگەڵمان وەستانه‌وه‌ وەک هێمایەک بۆ یەکگرتویی مرۆڤایەتی لەبەرامبەر تاریکی‌و توندڕەویدا به‌بیر دێنینه‌وه‌"، ده‌شڵێت:"ئەو هاوپشتییە وایکرد ئێمە بتوانین داعش لەشارەکەماندا تێکبشکێنین".


ئه‌مڕۆ ساڵڕۆژى به‌رخۆدانى كۆبانێیه‌، له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ مه‌زڵوم عه‌بدى فه‌رمانده‌ى گشتیى هێزه‌كانى سوریاى دیموركرات (هه‌سه‌ده‌) په‌یامێكى بڵاوكردوه‌ته‌وه‌و نوسیویه‌تى، "لەڕۆژی جیهانی هاوپشتی لەگەڵ بەرخۆدانی کۆبانی لەدژی داعش، ئەو قوربانییە بێئەندازەی شەڕڤانان‌و گەلەکەمان لەبەرگریکردن لەشارەکەیان‌و هەموو مرۆڤایەتی، یاد دەکەینه‌وه‌و ڕێزى لێده‌گرین".

عه‌بدى ده‌ڵێت، "هاوکات هاوپشتی‌و پشتیوانیی جیهانیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ هێزەکانمان لەو شەڕەدا وەبیر دێنینەوە، هەروەها هەموو ئەوانەی لەو ڕۆژە سەختانەدا لەگەڵمان وەستابون، وەک هێمایەک بۆ یەکگرتویی مرۆڤایەتی لەبەرامبەر تاریکی‌و توندڕەویدا".

له‌كۆتایی نوسینه‌كه‌یدا له‌هه‌ژمارى خۆى له‌ئێكس، مه‌زڵوم عه‌بدى ڕایگه‌یاندوه‌، "ئەم هاوپشتییە وایکرد ئێمە بتوانین داعش لەشارەکەماندا تێکبشکێنین‌و بەرەو کۆتاییهێنان بەناو خەلافەتەکەیی‌و بونیادنانی ئایندەیەکی باشتر بۆ هەموو سورییەکان هەنگاوبنێین".

یەكی تشرینی دوەم، ڕۆژی یادكردنەوەو وەبیرهێنەرەوەی سەركەوتنێكی گەورەیە لەمێژوی گه‌لى كورد، ئەو بەرگریییە 134 ڕۆژییەی لەكۆبانێ نیشاندرا، سەرنجی هەموو جیهانی ڕاكێشا.

ساڵی 2014، پاش داگیركردنی شاری موسڵ له‌عێراق، بەماوەیەكی كەم، چەكدارانی داعش ڕویان لەشاری كۆبانێ-ی ڕۆژئاوای كوردستان كرد.

لەسەرەتای هێرشەكانیاندا چەكدارانی داعش، هەوڵی داگیركردنی چوار شوێنی گرنگیاندا، كە ئەوانیش گردی مشتەنور، ناوەندی چاندو هونەر، چوارگۆشەی ئەمنیی‌و ڕێڕەوی مورشید پنار بوو، چەكدارەكانی داعش توانییان سێ لەو شوێنانە داگیربكەن، بەڵام چوارەم شوێن كە ڕێڕەوی مورشیدپنار بوو، نەتوانرا داگیربكرێت‌و بوە قەڵای بەرگریی كورد.

توركیا لەباكورەوە تا كۆتایی بەردەوامبوو لەفشارەكانی، هێزێكی زۆری سەربازیی‌و تانك‌و ئۆتۆمبێلی سەربازیی كۆكردبوەوە، زیاتر لەجارێكیش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا ڕایگەیاند، "كۆبانێ دەكەوێت"، بەڵام دواجار خەونی كەوتنی كۆبانێ نەهاتەدی.

داستانی قارەمانانەی كۆبانێ لە 15ی ئەیلولی 2014 دەستیپێكرد، شەڕڤانان كه‌ ژماره‌یه‌كى ئێجگار كه‌م بون، بەرگرییان لەكۆبانێ كردو توانییان بۆ ماوەی 20 ڕۆژ ڕێگه‌ لەبەرەوپێشچونی چەكدارانی داعش بگرن.

ئامانجی شەڕڤانانیش لەسەرەتاوە ڕێگرتن بوو لەبەرەوپێشچونی چەكدارانی داعش، بەڵام لەقۆناغی دوەمدا كۆكردنەوەی هێزو ڕێكخستنەوەو ڕاهێنانی شەڕڤانان بوو لەشەڕی كۆڵان بەكۆڵاندا.

لەقۆناغی سێیەمیشدا، كە لە 18ی كانونی یەكەمی 2014 دەستیپێكرد، هەر لەماوەی بەرخۆدانەكەی كۆبانێدا، عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەڕێگەی وه‌فدێكى هەدەپەوە بانگەوازی بۆ بەرگریكردن لەكۆبانێ كرد، بۆیە كوردێكی زۆر سنورەكانی نێوان پارچەكانی كوردستانیان سڕییەوەو بەشداریی بەرگرییان لەكۆبانێ كرد، لەباشورو ڕۆژئاوای كوردستانیش كۆدەنگییەكی جەماوەری بۆ بەرگریكردن لەكۆبانێ دروستبوو، كار گەیشتە ئەوەی پەرلەمانی كوردستان بڕیاریدا پێشمەرگە بنێرێتە ڕۆژئاوای كوردستان بۆ بەشداربون لەڕزگاركردنی شارەكە لەدەستی چەكدارانی داعش‌و لەڕۆژی 28ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2014، یەكەم كاروانی هێزەكانی پێشمەرگە گەیشتە كۆبانێ‌و پاش تەواوبونی شەڕەكە چەكەكانیان بۆ شەڕڤانان جێهێشت‌و گەڕانەوە بۆ هەرێمی كوردستان.

هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بەداعش لەكۆتاییەكانی شەری كۆبانێ، بەبۆردومانی ئاسمانیی بەشدارییان كرد لەتێكشكاندنی داعشدا.