فراوانکردنی ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام بۆ ئاسیای ناوەڕاست؛ خەونێکی ئیسرائیل یان ستراتیژیێکی ڕاستەقینە؟

توێژینەوە و شیکاریی

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 185 جار خوێندراوه‌ته‌وه

وەرگێڕان لە فارسییەوە/ حەمەدەمین سلێمان 
نوسین/ یورونیوز فارسی
سەرچاوە/ سایتی یورونیوز
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، چەندین جار پشتیوانی خۆی بۆ فراوانکردنی ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام یان ڕێککەوتنەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی عەرەبی، کە بە نێوەندگیریی واشنتۆن واژۆ کرا، بۆ کۆماری ئازەربایجان و ئاسیای ناوەڕاست دەربڕیووە .

هەرچەندە سیناریۆیێکی لەو جۆرە دەربارەی ئازەربایجان دەکرێت گونجاو بێت، بەڵام سەبارەت بە ئاسیای ناوەڕاست، هێشتا زۆر دوورە بە دەست بێت .

گۆڤاری ناشناڵ ئینترست لە وتارێکی ئەڵدار مامادۆڤ باسی ئەم بابەتە دەکات و دەنووسێت: هەرچەندە هاوکاری هاوبەش لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی هەندێک لە ئیسرائیلییەکان و ئاسیای ناوەڕاست یەکدەگرێتەوە، بەڵام سنووردارییە جیۆپۆلەتیکییەکان بە جددی ڕێگرە لەوەی گۆڕانکاریێکی دیپلۆماسی تەواو ڕوبدات. ئاسیای ناوەڕاست نابێتە ئازەربایجانی داهاتوو .

دەوترێت دانوستانەکان لەگەڵ ئازەربایجان لە قۆناغێکی پێشکەوتوودایە؛ ئەو بابەتە ڕەنگدانەوەی یەکگرتنی بەرژەوەندییە تایبەتەکانە لەگەڵ ئیسرائیلدا: دوژمنایەتیی هاوبەش لەگەڵ ئێران و تێکهەڵچوون لەگەڵ ئەرمەنستان. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم دینامیکە لە بابەت ئاسیای ناوەڕاست ڕاست نیە .

ڕوانگەی ئیسرائیل بۆ ئاسیای ناوەڕاست ڕەنگدانەوەی "ستراتیژی پەراوێزی" خۆیەتی؛ سیاسەتێک لە سەردەمی شەڕی سارددا کە ئامانجی دروستکردنی پەیوەندی بوو لەگەڵ وڵاتانی موسڵمانی غەیرە عەرەبی (وەک تورکیەی کەمالیست و ئێرانی پەهلەوی) بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆشەگیریی ناوچەیی. شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ و ڕووخانی یەکێتی سۆڤیەت دوای دە ساڵ، ژینگەی ستراتژیی ئیسرائیلی بە شێوەیەکی بەرچاو گۆڕی. دوای هاتنە سەر دەسەڵاتی هێزەکانی دژی ئیسرائیل لە تاران، هەرەسهێنانی یەکێتی سۆڤیەت پێنج وڵاتی تازە سەربەخۆ و عەلمانی و زۆرینەی موسڵمانی دروستکرد: کازاخستان، ئۆزبەکستان، تورکمانستان، قیرغیزستان و تاجیکستان.

ئیسرائیل هەوڵیدا سوود لەو گۆڕانکارییە وەربگرێت، تا ئاستێک لەسەر بنەمای بوونی مێژوویی کۆمەڵگەکانی جوولەکە لەم ناوچەیەدا، هەر لە جوولەکەکانی ئەشکەنازی کۆچەرەوە بگرە تا جوولەکەکانی بوخارایی (لەناویاندا باوباپیرانی وەزیری دەرەوەی ئێستای ئیسرائیل، گیدعۆن ساعر).

ئەمڕۆ، ئاسیای ناوەڕاست سێ سوودی سەرەکی بۆ ئیسرائیل هەیە:

هەمەچەشنی دیپلۆماسی و وزە

چوونە پاڵی ئەندامانی موسڵمان له نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی بۆ ناو ڕێککەوتنی ئیبراهیم دەتوانێت شەرعییەتی ئیسرائیل لە جیهانی ئیسلامییدا بەهێز بکات. هەروەها کازاخستان یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی نەوتی خاوی ئیسرائیل کە 22٪ ی نەوتی هاوردەکراوی ئەم ڕژێمە لە رێگەی کۆمپانیای هێڵی بۆڕی خەزەر دابین دەکات .

بێ متمانەیی بە مۆدێلی ئێران

هەرچەندە وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست خۆیان لە دنەدانی راستەوخۆ تاران بەدوور دەگرن، بەڵام بێمتمانەیی بەرامبەر مۆدێلی ئیسلامی کۆماری ئیسلامی لە نێو نوخبەی عەلمانی ناوچەکەدا زۆر قووڵە و ئەمەش لەوانەیە دەرفەتێک بێت بۆ فراوانکردنی نفوزی ئیسرائیل .

ئەگەری دزەکردنی ستراتیجی

کردنەوەی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە تورکمانستان لە ساڵی 2023 کە هاوسنوورە لەگەڵ ناوچە تورکمان نشینەکانی ئێران، نیشانەی خواستەکانی تەلئەبیبە بۆ دامەزراندنی جێپێیەک لە مەیدانی هەواڵگریدا و ڕەنگە سوود وەرگرتنیش بێت لە فرە ڕەنگی نەتەوەیی ئێران. کەسایەتییە کاریگەرەکان لە ئیسرائیل بە ئاشکرا باسی فراوانکردنی پشتیوانی بۆ کەمایەتییەکانی کورد، بەلوچ و ئەهوازیی دەکەن تاکو حکومەتی ئێران لاواز بکەن. هەرچەند سەرکەوتن لە ڕاکێشانی تورکمانەکان دیار نیە، بەڵام ئامانجی لاوازکردنی یەکگرتوویی نەتەوەیی ئێران ڕوونە .

بۆ حکوومەتەکانی ئاسیای ناوەڕاست، مامەڵەکردن لەگەڵ ئیسرائیل بەشێکە لە حساباتی پراگماتیک. ئەو هاوکارییە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ مۆدێرنکردنی ئابووری. شارەزایی ئیسرائیل لە بواری کشتوکاڵیی، بەڕێوەبردنی ئاو و ئاسایشی ئەلیکترۆنی زۆر لەگەڵ پێداویستییەکانی ناوچەکەدا دەگونجێت، بەتایبەتی لە وڵاتانی وەک ئۆزبەکستان و تورکمانستان کە ڕووبەڕووی کەمی ئاوی بونەتەوە .

هەروەها پەیوەندی لەگەڵ تەلئەبیب دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ زیادکردنی هاوسەنگی دیپلۆماسی. بەشداریکردن لەو پلانانەی ئەمریکا پشتیوانیان لێدەکات وەک ڕێکەوتنەکانی ئەبڕاهام، ئەگەری پشتبەستنی زیاد لە پێویست بە ڕوسیا و چین کەمدەکاتەوە و پێگەی ئەوان لە واشنتۆن بەهێز دەکات .

لەگەڵ ئەوەشدا، چوار هۆکار دەبنە هۆی ئەوەی تەواوی ئاسیای ناوەڕاست  چوونی بۆ ناو ئەو ڕێککەوتننامانە دوور بێت: یەکەم، ڕای گشتیی. هەرچەند داتا وردەکانی ڕاپرسیی لە ئاسیای ناوەڕاست کەمن، بەڵام دانیشتوانانی موسڵمانی ئەو ناوچەیە وەک شوێنەکانی تری جیهان دەرهەق بە شەڕی غەززە بێ متمانەتر بوون. تەنانەت ڕژێمە دیکتاتۆرەکانیش گرنگی بەو جۆرە نیگەرانیانە دەدەن. لە کاتی دەسپێکردنی شەڕەوە، ئەو ڕەوتە تەنانەت لەنێو ئەو وڵاتانەی کە واژۆکاری هەوەڵینی ڕێککەوتنەکە بوون وەک ئیمارات و بەحرەین بەهێزتر بووە و ئەگەری دامەزراندنی پەیوەندیی نوێی کەمکردۆتەوە. زیاتر وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست لە بڕیارەکانی ئاگربەست لە غەززە بەردەوام پشتیوانی لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن. ئەمە خۆی لە خۆیدا بەربەستێکی ڕەسمی نییە بۆ بەشداریکردن لە رێککەوتنەکان، بەڵام ئەوە نیشان دەدات کە حکومەتەکان گرنگی بە دەرئەنجامە ئاشکراکانی دەدەن.

دووەم، مەترسی لەسەر ڕێگا بازرگانییەکان. هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەتوانێت ڕێگا بازرگانی و لۆجیستیکیەکانی ئاسیای ناوەڕاست کە بە بەندەرەکانی ئێران وەک بەندەر عەباس و چابەهار دەبەسترێنەوە، بخاتە مەترسییەوە. گەمارۆ و گوشارە سەربازییەکانی ئەمریکا لەسەر ئێران ئەوەش ئێستا زنجیرە پارێزراوەکانی ناوچەکەی تێکداوە و ئەوانی ناچار کردووە ڕێگای گرانتر لە ڕێی ڕوسیا و چینەوە هەڵبژێرن. ئەم ئەزموونە بۆ ئەوان بەبیرهێنەرەوەیە کە چوونە پاڵ هەڵمەتی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران باجی ئابووری قورسی دەبێت.

سێیەم: ڕۆڵی تورکیا. هەندێک لە لایەنگرانی ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام لەسەر پەیوەندییە نەتەوەییەکانی تورکی بۆ ڕاکێشانی کازاخستان بۆ ناو ئەو پرۆسەیە جەخت دەکەنەوە، بەڵام ئەو بۆچوونە ڕۆڵی کۆماری ئازەربایجان زیاد لە پێویست گەورە دەکات. هەرچەندە باکو هاوپەیمانێکی نزیکی ئیسرائیل، بە ڕواڵەت پشتیوانی لە بەشداریکردنی ئاسیای ناوەڕاست دەکات، بەڵام سەرکردایەتی ڕێکخراوی دەوڵەتانی تورک لە دەستی تورکیادایە و هەڵوێستی ئەنقەرە دژ بە ئیسرائیل، هەماهەنگی بۆ وڵاتانی تورک لە ئاسیای ناوەڕاست قورس دەکات .

چوارەم: فشاری ڕوسیا و چین. هەرچەند هەردوو وڵات پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، بەڵام فراوانکردنی ڕێککەوتننامەکانی ئەبراهام لەژێر ڕێبەرایێتی ئەمریکا بۆ ئاسیای ناوەڕاست، وەک دەستچوونێک بۆ ناو کایەی کاریگەری نەریتی ئەوان لێکدەدرێتەوە. مۆسکۆ و پەکین بە ئەگەری زۆرەوە بۆ سنووردار کردنی ئەو هاوکارییانە فشار دەکەن .

دەرئەنجام ڕێی تێدەچێت کە ئاسیای ناوەڕاست تەنها هاوکارییە کەم مەترسییەکان لەگەڵ ئیسرائیل درێژە پێبدات، وەک تەکنەلۆژیای کشتوکاڵی و ڕاهێنانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی و لە هەنگاوی دیپلۆماسی گەورە خۆی بە دوور بگرێت. کازاخستان گونجاوترین بژاردەیە کە لەوانەیە بە ئیمزاکردنێکی ڕەمزی ڕازی بێت، ئەوەش ئەگەر لە لایەن واشنتۆنەوە سودێکی ئابووری و دیپلۆماسی لەگەڵدا بێت. بەڵام هیچ کام لە وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست وەک ئازەربایجان ستراتیژی ئیسرائیل قبوڵ ناکەن .

فراوانکردنی ڕێکەوتنەکانی ئیبراهیم بۆ ئاسیای ناوەڕاست زیاتر ئارەزووی ئەمەریکا و ئیسرائیلە تا ستراتیژێکی ڕاستەقینە. لە دۆخێکدا ئیسرائیل لە هەوڵی خۆی بەردەوام بێت لەوانەیە ئاسیای ناوەڕاست چەند سوودێکی ئابووری و ئاسایشی سنووردار بەدەست بهێنێت، سیاسەتی "فرە لایەنی هاوسەنگی" ئەم وڵاتانە لەنێوان ڕۆژئاوا، ڕوسیا، چین، تورکیا، ئێران و بەشێوەی زیاتر وڵاتانی کەنداوی فارس، ڕێگری لە هەر گۆڕانکارییەکی ڕێ ڕاست دەکات .

ئەم هەنگاوەی ترەمپ لە باشترین حاڵەتدا سەرکەوتنێکی ڕەمزیی بۆ واشنتن لەخۆ دەگرێت و لە خراپترین حاڵەتیشدا دابەزینی کاریگەری ئەوان لە ئۆڕاسیا دەردەخات. بۆ ئاسیای ناوەڕاست بەرژەوەندییە سارد و حیسابگەرەکان بەسەر ئایدیۆلۆژیا و یەکێتیی سەختگیر پێش دەکەوێت و لە دۆخی ئێستادا باجی دانانی ئیسرائیل لە سەرووی هاوبەشەکانی تردا زۆر قوڕسە .