شارپرێس:
هێزەکانی سوریای دیموکرات هەسەدە دەڵێت، ڕەتیدەکەینەوە بنکەیەکی سەربازی دیمەشق لە نزیک بەنداوی تشرین کرابێتە ئامانج؛ بەڵکو ڕووداوەکە لە ئەنجامی تەقینەوەی مینەوە بووە.
ئاژانسی هەواڵی سانای سوریا بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگری سوریا بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ سەر بنکەیەکی سەربازی لە نزیک بەنداوی تشرین لە سنوری حەلەب، دوو سەرباز کوژراون و سەربازێکیش بریندار بووە.
هەسەدە لەڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، ئێمە لە هێزەکانی سوریای دیموکرات دەڵێین ئەم زانیاریانە هەڵەن، هەروەها هێزەکانمان هیچ ئۆپەراسیۆنێکی بەئامانجگرتنیان لەو ناوچەیە ئەنجام نەداوە.
دەشڵێت، بەپێی ئەو زانیارییە مەیدانیانەی لەبەردەستماندایە، ڕووداوەکە لە ئەنجامی تەقینەوەی مین لە دەوروبەری بنکەی سەربازی حکومەتی دیمەشق ڕوویداوە و هێزەکانمان هیچ پەیوەندییەکیان پێوە نییە.
هەسەدە ڕونیکردەوە، ئێمە پابەندبوونمان بە پرەنسیپی کەمکردنەوەی پەرەسەندن و پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکە دووپات دەکەینەوەو داوا لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەین کە وردبن و پشت بە سەرچاوەی باوەڕپێکراو ببەستن، هەروەها خۆیان لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی نادروست کە بتوانێت گرژی هەڵبگیرسێنێت یان بیروڕای گشتی بەلاڕێدا ببات، بەدوور بگرن.
ئ.ه
