شارپرێس:
بەپێی ڕیزبەندییەک کە لەلایەن کۆمپانیای ئینفوفلیکسەوە خراوەتەڕوو، عێراق لە ڕیزبەندی 97ی جیهانیدایە لە پێوەرەکانی هێزی نەرم بۆ ساڵی 2025، کە لە ڕێگەی ڕۆشنبیری و ئابوری و دیپلۆماسی و میدیا و پەروەردە و داهێنانەوە ئاستی نفوزی نێودەوڵەتی وڵاتان دەپێوێت.
ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە پلەی یەکەمی جیهانی عەرەبیدایەو لە پلەی دەیەمی جیهانیدایە، کە بەردەوامە لە پێشەنگی خۆی لە بوارەکانی ئابوری و تەکنەلۆژیا و وەبەرهێنانی ڕۆشنبیری و میدیایی.
سعودیە لە پلەی بیستەمدایە لەسەر ئاستی جیهانی، دوای ئەویش قەتەر لە پلەی بیست و دووەمدایە، ئەمەش بەهۆی چالاکییە بەرچاوەکانی میدیایی و دیپلۆماسییەوە.
میسر لە ڕیزبەندی 38ی جیھانیدا بووە، کە پاڵپشتی کاریگەری ڕۆشنبیری و میدیایی وڵاتەکەی دەکات، دوای ئەویش کوێت لە پلەی 40 و عومان لە پلەی 49 دایە.
مەغریب لە پلەی 50 و بەحرەین لە پلەی 51 و ئوردن لە پلەی 58 لە جیهاندا.
لەم وڵاتە عەرەبیانەی خوارەوە، جەزائیر لە پلەی 78 و تونس لە پلەی 79 و لوبنان لە پلەی 91 و عێراق لە پلەی 97 و یەمەن لە پلەی 122 و دواجار سوریا لە پلەی 127ی جیهانیدا هاتووە.
ئەم پێوەرە یەکێکە لە ئامرازە هەرە دیارەکان بۆ پێوانەکردنی "هێزی نەرم"، کە توانای وڵاتێک دەخاتەڕوو بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر جیهان هەبێت لە ڕێگەی کولتوور و بەها و میدیا و سیاسەتەوە، جگە لە هێزی سەربازی.
ئ.ه
