حه‌وت دۆنم زه‌وى باخچه‌ ده‌درێته‌ كۆمپانیایه‌ك بۆ دروستكردنى یه‌كه‌ى نیشته‌جێبون

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5275 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ته‌رخانكردنى زه‌ویه‌كى حه‌وت دۆنمى بۆ بونیادنانى باخچه‌ له‌سه‌رى له‌سلێمانى بۆ پڕۆژه‌ى نیشته‌جێبون، ناڕه‌زایی هاوڵاتیانى لێده‌كه‌وێته‌وه‌، هاوڵاتیان ده‌ڵێن، "له‌نه‌خشه‌دا ئه‌و زه‌ویه‌ باخچه‌یه‌، به‌ڵام دراوه‌ته‌ كۆمپانیا بۆ دروستكردنى یه‌كه‌ى نیشته‌جێبون".


سەدان هاوڵاتی لەگەڕەکی چوارچرا، ناڕازین لەبڕیاڕێک كه‌ هه‌وڵده‌درێت ڕوبەری حه‌وت دۆنم زەوی ئەو گەڕەکە كه‌ لەنەخشەدا تەرخانکراوە بۆ باخچە، بدرێته‌ کۆمپانیایەک بۆ دروستكردنى یەکەی نیشتەجێبون.

 هاوڵاتیانى ئه‌و گەڕەکە ڕایانگه‌یاندوه‌، سەدان واژۆیان کۆکردوەتەوە لەدژی بڕیارێکى شارەوانی سلێمانی وەک ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بەفەرمان‌و بڕیارێکیان کە دەیانەوێ ڕوبەرێک زەوی کە لەنەخشەی شارەوانیدا بە(باخچە) تۆمارکراوەو دەکەوێتەسەر شەقامی شەستییەکە، بگۆڕن بۆ زەوی‌و بیدەن بەکۆمپانیایه‌ك تاوه‌كو بیکات بەیەکەیەکی نیشتەجێبون.

ئه‌و هاوڵاتیانه‌ وتویانه‌، دەیان ماڵ‌و سەدان هاوڵاتی ئەو گەڕەکە لەڕێگەی واژۆ کۆکردنەوەوە ناڕەزایی خۆیان دەردەبڕن‌و دەڵێن نایانەوێ ئەو ڕوبەرەی بۆ باخچەو سەوزایی تەرخانکراوەو موڵکی گشتییەو پێویستە خەڵک بەگشتیی لێی سودمەندبن، بکرێت بەباڵەخانەی کۆنکرێتی‌و کۆمپانیایەک لێی سودمەندبێت.

هه‌روه‌ك هاوڵاتیانی ئەو گەڕەکە داوا لەقوباد تاڵەبانی‌و شارەوانی سلێمانی دەکەن، بەهیچ جۆرێک ئەو پلانە نەخرێته‌ بواری جێبەجێکردنەوەو باخچەکەی بەردەمیان نەکرێت بەیەکەی نیشتەجێبون لەپێناو سودو قازانجی کۆمپانیایەکداو بەرژەوەندیی گشتیی لەبەرچاو بگرن نەک بەرژەوەندیی بازرگانێک.

ناڕەزایی هاوڵاتیانی ئەو گەڕەکە دوای ئەوەدێت، سەرۆکی شارەوانی سلێمانی لەڕۆژنامەی کوردستانی نوێدا ڕۆژی 27ى 11ى 2025، ئاگادارییەکی بڵاوکردوەتەوەو دەڵێت، "ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی لەڕۆژى 22ى 10ى 2025 کۆبونەوەی ئاسایی خۆی سازداوه‌ بۆ لێکۆڵینەوەو گفتوگۆ لەسەر نوسراوی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی وەبەرهێنانی سلێمانی لەڕۆژى 4ى 6ى 2025 تایبەت بەپڕۆژەیه‌كى نیشتەجێی کە لەلایەن کۆمپانیایه‌كه‌وه‌ جێبەجێدەکرێت گفتوگۆ لەسەر ناوەڕۆکی نوسراوەکە کراوه‌".

هاوڵاتیانی ئەو گەڕەکە دەڵێن، "لێرەوە ڕایدەگەیەنین کە ئێمە بەتوندی تانەو ڕەخنەمان هەیە بەرامبەر بەو هەنگاوەو داواکارین بیر لەجێبەجێکردنی نەکەنەوە، چونکە سیمای گەڕەکەکمان‌و ڕوبەری سەوزایی ئەو شوێنە دەشێوێنێت‌و لەبەرژەوەندیی گشتیدا نییە".