شارپرێس:
ئابوری جیهانی لەم دواییانەدا بینەری پەرەسەندنی گرژییەكانی نێوان ئەمریكا و چین بوو، ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا چەند ڕۆژێك لەمەوبەر هەڕەشەی سەپاندنی باجی زیادەی بە ڕێژەی 100% لەسەر هاوردەكردنی چین لە مانگی دیسەمبەرەوە كرد، وەك كاردانەوەیەك بۆ توندكردنەوەی كۆت و بەندەكانی پەكین بۆ هەناردەكردنی كانزا دەگمەنەكان، كە بۆ پیشەسازییە پێشكەوتووەكان و تەكنەلۆژیای مۆدێرن زۆر پێویستە.
لەناو ئەم پەرەسەندنانەدا، ئابوری جیهانی لە رەوشێكی چارەنوسسازدایە. شەڕی بازرگانی نێوان دوو گەورەترین ئابوریی جیهان چیتر تەنیا ناكۆكییەكی دوولایەنە نییە، گۆڕاوە بۆ بوومەلەرزەیەكی ئابوری كە زنجیرەكانی دابینكردنی جیهانی لە قاڵب دەدات و هەڕەشەی زیادكردنی ڕێژەی هەڵاوسان دەكات و متمانەی وەبەرهێنەران لە بازاڕە نێودەوڵەتییەكان تێكدەدات.
كۆبوونەوەی پێشبینیكراوی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا و شی جینپینگ هاوتا چینییەكەی، لە پەراوێزی لوتكەی هاوكاری ئابوری ئاسیا و زەریای هێمن لە ڕۆژی پێنجشەممە، وەك ڕوداوێكی سەرەكی سەیر دەكرێت، هەموو چاوەكان ڕوو لە ئەگەری لێكتێگەیشتن یان دانوستانەكان دەكەن كە دەتوانێت هەندێك هاوسەنگی بۆ پەیوەندییە ئابورییەكانی نێوان هەردوو وڵات بگەڕێنێتەوە، لەگەڵ كاریگەرییەكانی لەسەر بازاڕی دارایی و زێڕ و ئابوری جیهانی بە گشتی.
سەرۆكی ئەمریكا ئاماژەی بەوەكردووە، كاتێك چاوی بە سەرۆكی چین دەكەوێت، "بە ڕێككەوتنێكەوە دێنە دەرەوە".
دوای سەردانەكەی بۆ مالیزیا بۆ بەشداریكردن لە لوتكەی ئاسیا، كە لەگەڵ مالیزیا، تایلەند، كەمبۆدیا و ڤێتنام گەیشتە ڕێككەوتنی بازرگانی سەرەتایی، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، "رێزێكی زۆرم بۆ سەرۆك چین هەیە پێموایە بە ڕێككەوتنێك دێینە دەرەوە".
بەرپرسانی ئەمریكا و چین گەیشتنە ڕێككەوتنێكی پێشوەختە كە مەترسیی باج و سنورداركردنی بازرگانی بەرفراوان دەپارێزێت، سەركردەكانی دوو گەورەترین ئابوریی جیهان خۆیان بۆ یەكەم كۆبوونەوە لە دوای ساڵی 2019ەوە ئامادە دەكەن.
ستیڤن ئینس لە كۆمپانیای SBI دەڵێت: "بەرپرسانی باڵای بازرگانی لە واشنتۆن و پەكین بە هێمنی چوارچێوەیەكیان داڕشتووە كە دەتوانێت ڕێگری بكات لە دووبارە كێبڕكێی بەهێزی دوو گەورەترین ئابوری جیهان".
هاوكات سكۆت بێسێنت وەزیری گەنجینەی ئەمریكا و جەیمسیۆن گریر نوێنەری بازرگانی ئەمریكا دانوستانە چڕەكانیان لەگەڵ هێ لیفنگ جێگری سەرۆك وەزیرانی چین و لی چینگگانگ دانوستانكاری بازرگانی چین كۆتایی پێهێنا و هەردوولا كۆدەنگی سەرەتایییان لەسەر چەند پرسێكی سەرەكی ڕاگەیاند.
بەپێی چەندین سەرچاوە، لەوانە ڕۆژنامەی گاردیان، ئێن بی سی نیوز، بی بی سی، سی ئێن ئێن و پۆلیتیكۆ، هەردوولا گەیشتوونەتە چوارچێوەیەك كە چەندین بڕگەی سەرەكی لەخۆدەگرێت.
چوارچێوەیەك كە ئەو ڕێكخستنانە لەخۆدەگرێت كە ڕێگە بە چین دەدات كۆنترۆڵی فراوانكردنی هەناردەكردن لەسەر كانزا دەگمەنەكان دوابخات، كە بڕیاربوو لەمانگی دیسەمبەرەوە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
ئەم كۆت و بەندانە نیگەرانییان لەبارەی پچڕانی زنجیرەی دابینكردنی پێویستی پیشەسازیی لە مۆبایلە زیرەكەكانەوە تا ئۆتۆمبێلی كارەبایی و تەكنەلۆژیای بەرگری وروژاندووە.
بێسێنت دەڵێت، ڕێككەوتنەكە ئاماژەیە بۆ ئەوەی چین ئەم كۆت و بەندانە بۆ ماوەی ساڵێك دوادەخات"، ئەمەش وەك بەشێك لە ئاگربەستی كاتی بازرگانی.
ئ.ه
