زانیاریى گرنگ ئاشكراده‌كرێت.. له‌30% سوپاو ئه‌ركانى سوریا ده‌درێته‌ هه‌سه‌ده‌

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4823 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سه‌رچاوه‌كانى ئاگادار ورده‌كاریى تێكه‌ڵبونى هێزەکانی سوریاى دیموكرات (هەسەدە) له‌گه‌ڵ سوپای سوریا ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "له‌30%ی ئەرکان‌و سوپا دەدرێتە هێزە کوردییەکەو لەتەواوی سوریاشدا بونیان دەبێت"، ده‌شڵێت، "ئه‌مریكا سه‌رپه‌رشتیى پرۆسه‌كه‌ ده‌كات‌و لیستی ناوی فەرماندەی فیرقەکان دراوەتە هاوپەیمانان".


به‌وته‌ى سەرچاوەیەکی ئاگادار، لەچوارچێوەی پڕۆسەی تێکەڵکردنی شەڕڤانان بەسوپای سوریا، هێزەکانی سوریای دیموکرات لیستی فەرماندەکانی ئەو فیرقە سەربازییانەی پێشکەش بەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکات کە دەخرێنە ناو سوپای سوریاو لیوا تایبەتەکان‌و نوێنەرانیان لەنێو وەزارەتی بەرگریی‌و ئەرکانی گشتیی سوریا.

بەپێی زانیارییەکان، ئەو لیستەی هەسەدە دەیداتە هاوپەیمانان، ناوی 70 فەرماندەی تێدایەی کە بەشداریی ڕاستەوخۆیان لەشەڕی تیرۆری داعشدا کردوە.

فەرماندەکانی ئەو سێ فیرقە سەربازییەی کە دەخرێنە ناو سوپای سوریاوە، فەرمانداری ناوچەکانی جەزیرەو فوڕات‌و دێرەزوری تێدایە.

هاوکات ئەو لیستە فەرماندەکانی سێ لیوای تایبەتی بۆ ئەرکانی گشتیی تێدایەو 30%ی پۆستەکانی ئەرکانی گشتیی دەدرێتە هێزە کوردییەکەی ڕۆژئاوای کوردستان‌و لیوایەکیان بەهەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانان تایبەتە بەشەڕی تیرۆرو لەتەواوی سوریا بونیان دەبێت‌و چالاکی دەکەن.