شارپرێس:
ماڵپهڕێكى ههواڵى، لهڕاپۆرتێكدا ئاشكرایكردوه، دوای ئەوەی حکومەتی
سوریا نەیتوانیوه متمانەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی سەبارەت بەشەڕی دژی تیرۆر بەدەستبهێنێت،
دەزگای هەواڵگریی تورکیا بەهاوکاریی لەگەڵ حکومەتی دیمهشق، دەستیانکردوه بەداڕشتنی
پیلانێكى مهترسیدار بەئامانجی هێرشێكى قورس بۆ سهر مهسیحیهكانو دواتریش نیشاندانى
سیناریۆى دڵسۆزىو پاراستنیان.
نەبونی پشتیوانی ئەمریکاو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، دیمەشقو ئەنەرە
توشی کێشە دەکات
ماڵپهڕى ههواڵیى فۆكس نیوز لهڕاپۆرتێكدا ئاشكرایكردوه، لەکاتێکدا
میدیاو گروپه سیاسییەکانی سەر بەتورکیا بانگەشەیان بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا
لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکرد، پنتاگۆن لەمانگی تەمموزی ئەمساڵدا تەرخانکردنی بڕی
130 ملیۆن دۆلاری لەبودجەی ساڵی 2026 بۆ پاڵپشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)
ڕاگەیاند، بڕیارێکی پێشوو کە لەساڵی 2025دا 147 ملیۆن دۆلار بۆ هەمان مەبەست تەرخانکرابوو،
هێشتا کاری پێدەکرێت.
دهشڵێت، پاڵپشتییەکانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)
لەسەر چەند میحوەرێکی سەرەکی دامەزراون کە بریتین لەپاڵپشتیی سەربازیی ڕاستەوخۆ،
پاڵپشتی ئەمنیو هەواڵگریی، جگە لەپاڵپشتی داراییو سیاسیی.
جهختیكردوهتهوه، "ڕونە کە حکومەتی دیمەشق هەمان ئاستی پشتیوانیی
هێزەکانی ههسهدهى وەرنەگرتوە، ئەمەش بەڵگەی نەبونی پشتیوانیی سەربازییو
سنورداربونی پشتیوانیی ئابورییو نەبونی چەتری ئەمنییە".
پلانێکی بەدیل بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی نێودەوڵەتی... بەفۆڕمولەی
تورکی
چهند سەرچاوەیهكى ئاگادار باسیان لەکۆبونەوەی نێوان هەواڵگریی تورکیاو
دەزگای هەواڵگریی حکومەتی سوریا کردوە بۆ تاووتوێکردنی ڕێگهکانی بەهێزکردنی پەیوەندییە
هەواڵگرییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەگەڵ وەزارەتی بەرگرییو دەزگا هەواڵگرییەکانی
حکومەتى سوریاو هەروەها لاوازکردنی تواناکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ دژایهتیكردنى
تیرۆر.
لەو دیدارەدا هەواڵگریی تورکیا پیلانى داڕشت
ڕاپۆرتهكه بهناونیشانى (پاراستنی مەسیحییەکان) ئەسپی ترۆجانی نێوان
هەواڵگریی تورکیاو حکومەتی سوریایە، بۆ ئهوهش سهرچاوهكان وتویانه، "دوای
ئەوەی حکومەتی سوریا نەیتوانیی متمانەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی سەبارەت بەبەشداریکردنی
لەشەڕی دژی داعش بەدەستبهێنێت، سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ پێشکەشکردنی
سوپای نوێی سوریا وەک بەدیلێک بۆ هێزەکانی سوریای دیموکرات، تورکیا پەنای بردەبەر
داڕشتنی پیلانی هەواڵگریی".
بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، پیلانی تورکیا ئهوهیه بۆردومانى مەسیحییەکان
بكرێت لەشارەکانی (دیمەشق، حومسو حەلەب) بەتایبەتی مەسیحییەکانی دیمەشق بکرێنه
ئامانج.
لهو ڕوهشهوه ئاشكرابوه، هێزە ئەمنییەکانی سەر بەحکومەتی سوریا
ئاڕاستەکراون کە دەورییەکانیان لەگەڕەکە مەسیحییەکان چڕتربکەنەوە بۆ ئەوەی بیروڕای
گشتیو بەتایبەت ئەمریکا بخەڵەتێنن بۆ ئەوەی باوەڕیان بەوە هەبێت کە مەسیحییەکان لەژێر
هەڕەشەو مەترسیدان.
سەرکردەکانی دهستهى تەحریر شام ئەرکی جێبەجێکردنی پیلانەکەیان پێسپێردراوه
بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، هەواڵگریی تورکیا بەشێک لەسەرکردەکانی
دهستهى تەحریر شامیان ڕاسپاردوه ئهو پیلانهى دایانناوه بگرنه ئهستۆ، لەنێویاندا
(شێخ ئەبو عوسمان، شێخ ئەبو محەمەد شامی، شێخ ئەبو مەزهەر کە ناوی ڕاستەقینەی حسێن
داغستانی-یه لهگهڵ شێخ محهمهد ئارمان) كه بەڕەچەڵەک تورکمانی سوریایهو
چاوساغو نوێنهرایهتى میتى توركیاش دهكات لهناو دهستهى تهحریر شام.
سەرچاوەکان جهختیانكردوهتهوه، جێبەجێکردنی پیلانەکە بەئۆپەراسیۆنەکانی
بۆردومانیشەوە، بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی (ئەنهس خهتاب) وەزیری ناوخۆى سوریاو حسێن
سەلامە سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی دیمهشق دەبێت.
