كێ سه‌رۆك وه‌زیرانى داهاتوى عێراق دیاریده‌كات؟ زانیاریی ئاشكراده‌كرێت

عیراق

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1561 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرکردەیەکی دەوڵەتی یاسا ڕاشكاوانه‌ په‌یامێك بڵاوده‌كاته‌وه‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "سەرۆک وەزیرانی داهاتوى عێراق، لەلایەن ئێران‌و چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعه‌وه‌ دیاریدەکرێت".


حەیدەر لامی سەرکردە لەهاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ڕایگه‌یاندوه‌، پۆستی سەرۆک وەزیرانی قۆناغی داهاتوو، تەنها له‌ناو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هەماهەنگی‌و ئێراندا یەکلاییدەکرێتەوە، بەدور لەهەر هەژمون یان دەستتێوەردانێکی ئەمریکیی.

لامی لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندوه‌، "هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگی‌و ئێران‌و به‌گوێره‌ى لێکتێگەیشتنە ناوخۆییەکان دەبێت، بێئەوەی ڕێگە بەهیچ لایەنێکی دەرەکی، بەتایبەت ئه‌مریكا بدرێت بۆ ئەوەی ڕای خۆی بسەپێنێت یان دەست لەدیاریکردنی کاندیدەکەدا وەربدات."

به‌وته‌ى لامى، "چوارچێوەی هەماهەنگی ئەو لایەنەیە کە پەیوەندیدارە بەیەکلاییکردنەوەی دۆسیەی سەرۆک وەزیران، بەپێچەوانەی هەردوو پۆستی سەرۆک کۆمارو سەرۆکی پەرلەمان کە پەیوەستن بەپێکهاتەکانی کوردو سوننەوه‌."

لامی جەختیکردوه‌تەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی "ڕاو هەڵوێستی خۆی لەسەر هەڵبژاردنی وەرگرانی ئەم دوو پۆستەش دەبێت، بەشێوەیەک کە لەگەڵ بەرژەوەندی نیشتمانیی بگونجێت".

بەپەلە