وه‌فدێكى ڕۆژئاواى كوردستان گه‌یشته‌ لوبنان‌و له‌گه‌ڵ حكومه‌تى ئه‌و وڵاته‌ كۆده‌بێته‌وه‌

کوردستان

6 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2900 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وه‌فدێكى ئیداره‌ى خۆسه‌رى ڕۆژئاواى كوردستان به‌ئامانجى دیدارو گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكومه‌تى لوبنان، گه‌یشته‌ به‌یروتى پایته‌ختى ئه‌و وڵاته‌، په‌یامنێرى شارپرێس له‌ڕۆژئاواى كوردستان زانیاریى زیاتر له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشكراده‌كات.


كه‌نداڵ جودى په‌یامنێرى شارپرێس له‌ڕۆژئاواى كوردستان ئاشكرایكرد، لەچوارچێوەی سەردانێکی فەرمیداو بەئامانجی ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ بەرپرسانى باڵاى حکومەتی لوبنان‌و تاووتوێکردنی فایلە هاوبەشەکان، وه‌فدێكى ئیدارەی خۆسەری دیموکراتی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا گەیشتە بەیروتی پایتەختی لوبنان.

سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له‌ئیداره‌ى خۆسه‌ر به‌كه‌نداڵى وتوه‌، "وه‌فده‌كه‌ لەم سەردانەیدا بۆ به‌یروت چەندین بابەت تاووتوێده‌كات، وەک ڕێگه‌کانی پەرەپێدانی پەیوەندییە دوقۆڵییەکان‌و هاوکاریی لەبوارەکانی مرۆیی‌و ئەمنیی، هەروەها دۆخی پەنابەرانی سوری لەلوبنان، پێویستی دۆزینەوەی میکانیزمی کاری هاوبەش بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان‌و سەقامگیرییان لەناوچەکە، هەروەها دۆسبه‌ى بنەماڵەی هاوڵاتیانی لوبنانیی له‌ناو داعش كه‌ ئێستا به‌شێكى زۆرى خێزانه‌كان له‌كه‌مپى هۆلن".

له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ عەبدولسەلام ئەحمەد نوێنەری ئیدارەی خۆسەری باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا لەلوبنان به‌شارپرێسى وت، "وه‌فده‌كه‌ ئێستا لەبەیروتەو ئەمڕۆ لەگەڵ بەرپرسانی باڵاى لوبنان كۆبونه‌وه‌ى گرنگیان ده‌بێت".