هۆشیار زێبارى پشتیوانى بۆ د.به‌رهه‌م ساڵح ڕاگه‌یاندو داواده‌كات هه‌موان ده‌نگى پێده‌ده‌ن

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5765 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

د. بەرهەم ساڵح خۆی بۆ پۆستی کۆمیسیاری باڵای نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR) کاندید دەکات‌و هۆشیار زێبارى-یش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "د.به‌رهه‌م كاندیدى عێراق‌و كوردستانه‌و پشتگیریى ته‌واوى پارتى دیموكراتى كوردستانیشى هه‌یه‌".


د. بەرهەم ساڵح سەرۆك کۆماری پێشوی عێراق، كاندیدە بۆ پۆستی کۆمیسیاری باڵای نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران كه‌ بەدوەم گرنگترین پۆست دادەنرێت لەدوای سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتوەكان، زیاتر لە70 ساڵیشە هیچ كە سایەتییەك لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو پۆستەی وەرنەگرتوە، زیاتر كەسایەتییە ناودارەكانی وڵاتانی ئەوروپا پۆسته‌كه‌یان پێدراوه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌ هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەپۆستێکدا لەهەژماری تایبەتی خۆی لە(ئێکس) نوسیویه‌تى، "د. بەرهەم ساڵح کاندیدی عێراق‌و کوردستانە بۆ پۆستی کۆمیسیاری باڵای نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR)و پشتگیریی تەواوی ئێمەی هەیە".

زێبارى ئه‌وه‌شى باسكردوه‌، د. بەرهەم ساڵح هەموو ئەو بڕوانامەو لێهاتوییانەی هەیە کە پێویستن بۆ نوێنەرایەتیکردنی ئەم دەزگا مرۆییە زۆر گرنگە.

داواشیكردوه‌، "هەموو وڵاتانی ئەندام له‌ڕێكخراوى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان پشتگیریی لەکاندیدبونى د. به‌رهه‌م ساڵح ناوبراو بکەن".

کۆمیسیاری باڵای نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ کاروباری پەنابەران لەلایەن سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکانەوە کاندید دەکرێت‌و پاشان لەلایەن کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتوەکانەوە پەسەند دەکرێت، پۆستەكه‌ش بۆ ماوەی پێنج ساڵەو دەکرێت نوێبکرێتەوە.