🔹 پارتی و یەكێتیی رەنگە هەمان كورسی بەدەستبێنن، بەڵام هەمان دەنگ نا

توێژینەوە و شیکاریی

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 182 جار خوێندراوه‌ته‌وه

سەرتیپ جەوهەر
بەربەهەڵبژاردنین و كورد دەڵێت هەركەس بانگ لەتورگەی خۆی دەكات، عەرەبیش دەڵێن وكل یغنی علی لیلاه. هێشتا بەرچاوروونی تەواوەتی نییە. حزبەكان خەریكی راپرسین، هەندێك دەنگیان دلێرەو هەندێكیش ترسی لەدەستدانی دەنگ و كورسیان هەیە.
بەپێی مەنتقی هەڵبژاردن و دۆخی سیاسی كە ماوەی زیاتر لە ساڵێكە هەڵبژاردن كراوەو حكومەتی نوێی هەرێم دروستنەكراوە، رێژەی چوونە سەر سندوق بۆ ئەم هەڵبژاردنە بەراورد بەرێژەی دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان زۆر كەمتر دەبێت. بێگومان ئەم كەمبوونەوەیەی رێژەی دەنگدەر لەخزمەت زیادبوونی كورسیەكانی هەردوو حزبی دەسەڵاتدارە، چونكە ئەوان دەنگدەرو هەوادارانی خۆیان بەشێوەیەكی رێكخراو دەبەنە سەر سندوقی دەنگدان.

پارتی لەهەڵبژاردنی رابردووی عیراق نزیكەی 800 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، لەهەڵبژاردنی رابردووی كوردستانیش بەنزیكەی 800 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، ئێستا بانگەشە یان دروشمیی یەك ملیۆن دەنگی بەرزكردۆتەوە، بەپێی هەموو لێكدانەوەكان زەحمەتە بتوانێت یەك ملیۆن دەنگ بەدەستبهێنێت! بەڵام ئەگەر وەك پێشبینی دەكرێت رێژەی چوونە سەر سندوق كەم بێت، هاوكات بەهۆی ئەو سیستمە نوێیەی هەڵبژاردن كە (سانت لیگۆ)یە، ئەوا پێشبینی دەكرێت پارتی لەنێوان 30 بۆ 32 كورسی بەدەستبهێنێت.
دەنگی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان رۆشن نییە، بەڵام بەهۆی سیستمی سانت لیگۆ كە لەخزمەت حزبە گەورەكانەو هاوكات بەهۆی دەنگی ناوچە دابڕێنراوەكان بەتایبەتیش پارێزگای كەركوك، بۆیە پێشبینی دەكرێت یەكێتیی لەنێوان 19 بۆ 21 كورسی بەدەستبهێنێت.
واتە هەردوو حزبی حوكمڕان، یەكێتیی و پارتی كورسیەكانیان گۆڕانێكی ئەوتۆی بەسەردا نایەت، بەڵام پێدەچێت ژمارەی دەنگدەرانیان گۆڕانی بەسەردابێت چونكە رێژەی چوونە سەر سندوق كەمتر دەبێتەوە. لێرەو لەوێش ناڕاستەوخۆ پارتی باسی دیزاین دەكات.
ئەوەی جێی مشتومڕە رێژەی دەنگ و ژمارەی كورسی هەردوو حزبی ئۆپۆزسیۆن (نەوەی نوێ‌) بەسەرۆكایەتی شاسوار عەبدولواحید و (رەوتی هەڵوێست) بەسەرۆكایەتی عەلی حەمە ساڵح-ە. حزبەكانی دیكەش بەتایبەت ئیسلامییەكان پێشبینی ناكرێت نەكورسی و نە دەنگەكانیان زیادبكات. سەبارەت بەحزبەكانی دیكەش، لەنێوانیاندا بەرەی گەل، رەنگە دەنگ بەدەستبێنن، بەڵام زەحمەتە بگاتە كورسیەك چونكە هەم كورسی بۆ پەرلەمانی عیراق دەنگێكی زۆری پێویستە، هەمیش سیستمی سانت لیگۆ لەقازانجی حزبە كەم دەنگەكاندا نییەو هەورازیان بۆ دروستدەكات.
بەپێی هەندێك راپرسی كەلەلایەن حزبەكانەوە كراوە، نەوەی نوێ‌ لەم هەڵبژاردنە لەدۆخێكی ناسەقامگیردایەو پێدەچێت بەشێك لەدەنگەكانی لەدەستبدات. واتە بەئەگەرێكی زۆرەوە پێدەچێت تەنها 4 كورسی لەسەر ئاستی عیراق بەدەستبهێنێت! لەبەرامبەردا رەوتی هەڵوێست كە حزبێكی نوێیەو ئاڵای ئۆپۆزسیۆن بوونی هەڵگرتووە، پێدەچێت هەندێك دەنگ زیاد بكات. دیار نییە رێژەی زیادبوونەكەی چەندە، بەڵام پێشبینی دەكرێت لەنێوان 3 بۆ 4 كورسی بەدەستبهێنێت. ئەو ژمارانە تەنها پێشبینین و پشتبەستراوە بەهەندێك راپرسی.

هەڵبژاردنی ئەمجارەی عیراق دوای لێدانەكانی ئێران دێت لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریكاوە، بۆیە هەموو ئەگەرەكان بەو ئاراستەیەن واشنتۆن مشتوماڵێكی خۆی بكاتەوە لەعیراق. دانانی مارك ساڤایا وەك نوێنەری تایبەت ئاماژەیە بۆ هەوڵی كەمكردنەوەی نفوزو هەژموونی ئێران لەعیراق، رەنگە ئەمریكا هەوڵی هەندێك گۆڕانكاری لەعیراق بدات لەوانە؛ چەكدانان یان كەمكردنەوەی رۆڵی گروپە چەكدارەكانی شیعە (حەشدی شەعبی) هاوكات پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ‌ دوور لەهەژموونی ئێران.

هێنانەدی ئەم ئامانجانە بۆ ئەمریكا ئاسان نییە، چونكە لەلایەك گروپە شیعە كاریگەرەكانی عیراق لەژێر هەژموون و كاریگەری ئێراندان رۆڵ و پێگەیان لەشەقامی شیعەدا هەیە، لەلایەكی دیكە هەموو جومگە سەرەكیی و كاریگەرەكانی حوكمڕانی لەعیراق لەژێر كاریگەری هەژموونی ئێراندان، بەڵام لەبیرمان نەچێت ئەمریكا هۆكاری زۆر كاریگەری بەردەستە بۆ فشاركردن لەعیراق بەتایبەتیش لەرووی ئابوریی و داراییەوە، بۆیە پێدەچێت ئەمجارە هەموو هەوڵێك بدات لەنفوزو هەژموونی ئێران كەمبكاتەوە.
لەبەرامبەردا ئێران هەوڵی رێگریی لەم فشارانەی ئەمریكا دەدات. لەدوای هەڵبژاردن بەهەموو شێوەیەك لەناوخۆی عیراق فشارەكانی دەستپێدەكات. بۆ ئێران پێكهێنانی كابینەی نوێی عیراق پرسێكی گرنگ و چارەنوسسازەو نایەوێت لەوە زیاتر هەژموونی لەناوچەكە پاشەكشە بكات، بەڵام لەوەدا سەركەوتوو دەبێت یان نا؟ ئەوە دەوەستێتە سەر فشارەكانی ئەمریكاو چۆنیەتی دروستبوونی كابینەی نوێی عیراق.

یەكێك لەئەگەرەكان ئەوەیە پارتی و یەكێتیی نەتوانن بگەنە رێككەوتن سەبارەت بەپێكهێنانی كابینەی نوێی عیراق و هەرێم و دوور نەكەونەوە تەرەفگیریی و لەململانێی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، ئەوا ئێران فشارەكانی لەڕێی بەغدا بۆسەر هەرێم دەستپێدەكاتەوە، بەتایبەت ساڵی نوێ‌ دووبارەو سەرلەنوێ‌ پرسی بودجە و بەردەوامبوونی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم دێتەوە گۆڕێ. 

راستیەك هەیە پێویستە بەرپرسانی پارتی و یەكێتیی بیزانن، ئەویش ئەمریكا هەم نایەوێت هەم ناتوانێت نفوزی ئێران لەعیراق بەتەواوی بنبڕبكات، رەنگە تەنها لاوازی بكات، بۆیە پێویستە لەسەر هەردوو حزب ئەزموونی پێكهێنانی كابینەی رابردووی عیراق دووبارە نەكەنەوەو نەبنە تەرفگیری ئیقلیمیی یان نێودەوڵەتیی و تەنها چاویان لەسەر بەرژەوەندی كوردستان بێت.
.