شارپرێس:
لەمەغریبدا ئاماژەکانی دەرکەوتنی دیاردەیەک بەناوی "توندوتیژیی پەمەیی" لەزیادبوندان، کە بەواتای ئەو توندوتیژییە دێت کە هەندێک لەژنان دژی مێردەکانیان ئەنجامیدەدەن، ئەم دیاردەیە وێنە باوەکەی پیاو وەک لایەنی بەهێزتر لەپەیوەندیی هاوسەرێتیدا هەڵدەگێڕێتەوە.
لەکۆمەڵگەیەکدا کە پیاوێتی بەهێزو زاڵبونەوە دەبەستێتەوە، زۆرێک لەپیاوان بەبێدەنگی ئازار دەکێشن لەترسی گاڵتەپێکردن یان لەدەستدانی پێگەی کۆمەڵایەتییان، ئەمەش وادەکات دیاردەکە بەدیوارێکی شاراوەی بێدەنگیو نکۆڵیکردن دەورەدرابێت.
دکتۆر کەمال ئەلزەمرەوەی مامۆستای دەروونناسیی کۆمەڵایەتیی لەزانکۆی قازی عیاز ڕونیدەکاتەوە، گۆڕانکارییە بەهاییو کۆمەڵایەتییەکان جۆرێکی نوێی توندوتیژیی خێزانییان خولقاندوە کە چیتر تەنها لەدژی ژنان نییە، بەڵکو توندوتیژیی ژنانیش بەرامبەر مێردەکانیان دەگرێتەوە.
ئاماژە بەوەشدەکات، ئەو توندوتیژییە ڕەنگە جەستەیی، دەرونی یان سۆزداریی بێت، وەک سوکایەتیکردن، بچوککردنەوە، بێبەشکردنی مادی یان سۆزداریی، یان تەنانەت ڕێگریکردن لەبینینی منداڵان.
ئەو پێیوایە، هەندێک هۆکاری ئەو جۆرە ڕەفتارە دەگەڕێنەوە بۆ کێشەی دەرونیی، یان گوشارە ئابورییەکان، یان هەستکردن بەکەموکورتی لای ژنەکە.
لەلایەکی دیکەوە، دکتۆر محەممەد شەڕایمی مامۆستای کۆمەڵناسیی لەزانکۆی عەبدولمالک ئەلسەعدی پێیوایە، توندوتیژیی دولایەنە لەنێوان هاوسەرەکاندا دیاردەیەکی ڕاستەقینەیە، بەڵام بەهۆی نەنگی کۆمەڵایەتییەوە نابینرێت.
ئاماژەی بەوەشکردوە، هەندێک ژن ڕەنگە پەنا بۆ توندوتیژیی ببەن وەک ڕێگهیەک بۆ دابەشکردنەوەی دەسەڵات لەناو خێزاندا، یان وەک کاردانەوەیەک بۆ پشتگوێخستن یان توندوتیژییەکی پێشوو.
بهگوێرهى داتاکانی عەرەب بارۆمێتەر (2023-2024)، نزیکەی 25%ی پیاوان لەمەغریب توشی جۆرە جیاوازەکانی توندوتیژیی خێزانی بون، سەرەڕای ئەمەش، دیاردەکە هێشتا لەئامارە فەرمییەکاندا دیارنییە، ئەمەش پێویستی بەهەوڵی ئەکادیمی، یاساییو کۆمەڵایەتی دەبێت بۆ دانپێدانان بەو دیاردەیەو دانانی میکانیزم بۆ پاراستنی هەمولایەنەکانی ناو خێزان.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی
