شارپرێس:
عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەسەر بەهێزییو توانای مانەوەی وڵاتەکەی کردەوە لەشەڕی 12 ڕۆژەداو بەتوندی وەڵامی ئەو لێدوانانەی دایەوە کە دەڵێن، ئاسمانی ئێران لەژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیلدا بوە.
لەکۆبونەوەی ئەنجومەنی کارگێڕیی پارێزگای هەمەدان، عراقچی وتی، "زۆرکەس دەڵێن لەماوەی شەڕی 12 ڕۆژەدا ئاسمانی ئێران لەبەردەستی فڕۆکە ئیسرائیلییەکان بوە، بەڵام ناڵێن ئاسمانی ئیسرائیلیش گۆڕەپانی موشەکەکانی ئێمە بوو، موشەکەکان توانای نیشتمانیی ئێمە بونو لەو شەڕەشدا لەبری دیپلۆماسی، هەر موشەکەکان بەفریامان کەوتن".
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاشکرایکرد، "توانای بەرگرییو موشەکیی ئێران گەڕاوەتەوە بۆ ئاستی پێش 12ی حوزەیرانو تەنانەت بەهێزتریش بوە".
عراقچی ئاماژەی بەوەشدا، لەڕۆژانی سەرەتای شەڕەکەدا، لایەنی بەرامبەر پەیامی دانوستانی دەناردو دەیانوت وەرە بۆ گفتوگۆکردن لەکاتێکدا ئێران لەناوەڕاستی دیپلۆماسیدا بوو کاتێک هێرشکرایەسەرى.
ئهوهشى وت، "ئیسرائیل شکستیهێنا، ئەوان پێیانوابوو بەو سوپرایزەی دروستیانکردو ئەو هێرشانەی کردیان، ئێران لەماوەی دوو بۆ سێ ڕۆژدا دەستەکانی بەرزدەکاتەوە، بەڵام بۆ هەموان ڕونبوو، ئەوە ڕوینەدا".
لێدوانەکانی عراقچی لەکاتێکدایە، گرژییەکانی نێوان ئێرانو ئیسرائیل لەناوچەکەدا بەردەوامەو هەرلایەنێک هەوڵی نیشاندانی هێزو تواناکانی خۆی دەدات.
