جارێکی دیکە دەرگای ئەوروپا بەڕووی تورکیادا داخرا

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 914 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

یەکێتی ئەوروپا جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا وڵاتێکی پاڵێوراوە بۆ ئەندامێتی یەکێتییەکە و هاوبەشێکی سەرەکییە کە یەکێتی ئەوروپا بەرژەوەندی ستراتیژی هاوبەشی لەگەڵدا هەیە لە ناوچەی دەریای ڕەش و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، بەڵام لە چەند بوارێکدا ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی تورکیا گرتووەو بەوەش هێشتا زۆری ماوە دەرگای یەکێتییەکە بۆ ئەنکەرە بکرێتەوە.

کۆمیسیۆنی ئەوروپا دوپاتی کردەوە کە تورکیا هاوبەشێکی گرنگە، بەڵام تێکچوونی پێوەرەکانی دیموکراسی و سەربەخۆنەبوونیی دادگاو خراپی ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ وایکردووە پڕۆسەی پەیوەستبوونی تورکیا بەئەوروپاوە ڕابگرن.

هەروەها ئاماژەی بە ڕاگرتنی دانوستانەکانی پەیوەستبوون لەگەڵ تورکیا لە ساڵی ٢٠١٨ەوە کرد و ڕەخنەی لە پێوەرە دیموکراسیەکانی تورکیا و سەروەرنەبوونی یاسا و سەربەخۆنەبوونی دادوەری و ڕەوشی خراپی مافە بنەڕەتییەکان لە تورکیا گرت.

هاوکات کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند، گەیشتن بە ئەندامێتی یەکێتی ئەوروپا بۆ هەندێک وڵاتی ئاواتخواز تا ساڵی ٢٠٣٠ ئامانجێکی واقیعییە.

لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە فراوانکردنی یەکێتی ئەوروپا، یەکێتییەکە، ڕایگەیاندووە، مۆنتینیگرۆ، ئەلبانیا، مۆڵدۆڤا و ئۆکرانیا ئەمساڵ پێشکەوتنی بەرچاویان لە ڕێگەی ئەندامێتی خۆیان بەدەستهێناوە.

کالاس لە برۆکسل لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت: گەورەکردن و فراوانکردن لە بەرژەوەندی ئێمەدایە.

لە بەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی ئەوروپای سەبارەت بە پەیوەست بوون بە یەکێتی ئەوروپا ڕەتکردەوە و ناوەڕۆکەکەی بە لایەنگری پێشوەختە وەسف کرد.

ناچۆ سانچێز ئامۆر، ڕیپۆرتێری پەرلەمانی ئەوروپا بۆ تورکیا، جەختی لەسەر پێویستی لابردنی هەموو ئەو ئاستەنگانەی یەکێتی ئەوروپا کرد کە ڕێگری لە پرۆسەی گەورەکردنی یەکێتییەکە دەکەن، بەتایبەتی کە جیهان بەگشتی هەوڵدەدات هاوپەیمانی نوێ دروست بکات.

دەشڵێت، ئەگەر ئێمە بەڕاستی بەدوای فراوانبووندا دەگەڕێین، و وڵاتانی پاڵێوراو مەرجی چاوەڕوانکراویان بەدیهێنابێت، ئەوا نابێت پرۆسەکانی ناوخۆمان ڕێگری لەوە بکەن، و ببنە بەربەست لەبەردەم ئامانجێکی پێویست و سیاسی وەک فراوانکردن.

ئ.ه