شارپرێس:
دۆناڵد ترهمپ سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی بەئەنجامدانی تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی کردوە، بەبیانوی "دڵنیابون لەیەکسانی ئەتۆمی لەگەڵ ڕوسیاو چین".
لەوتارێکی ڤیدیۆییدا، ترهمپ ڕایگەیاند، "ئەمریکا گەورەترین جبەخانەی ئەتۆمی لەجیهاندا هەیە، ئەمەشى گەڕاندەوە بۆ هەوڵەکانی لەکاتی سەرۆکایەتییەکەیدا بۆ نوێکردنەوەو مۆدێرنکردنی هێزی سەربازیی، لەوانەش نوێکردنەوەی چەکی ئەتۆمی".
وتیشی، "سەرەڕای هێزی وێرانکەری زۆری چەکی ئەتۆمی، کە مامەڵەکردنی زۆر قورس کردوە، هیچ بژاردەیەکی دیکەم نەبینی جگە لەگرتنەبەری ئەم هەنگاوە".
ترهمپ ئهوهشى وت، "ڕوسیا لەپلەی دوەمی جیهاندایە لەڕوی هێزی ئەتۆمییەوە، لەکاتێکدا چین لەپلەی سێیەمدا دێت، بەڵام پێشبینیکرد کە چین لەماوەی پێنج ساڵی داهاتودا بتوانێت ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوەو ڕکابەری ئەمریکا بکات".
جەختیكردەوە، "بەلەبەرچاوگرتنی پڕۆگرامەکانی تاقیکردنەوەی ئەتۆمی کە لەلایەن وڵاتانی دیکەوە ئەنجامدەدرێن، من فەرمانم بەوەزارەتی جەنگ (پێنتاگۆن) کردوە کە دەستبەجێ دەست بەتاقیکردنەوەی چەکە ئەتۆمییەکانمان بکات بەهەمان ئاست".
دوو ڕۆژ پێشتر، ترهمپ باسی لەوەکردبوو، وڵاتەکەی تاقیکردنەوەی چەکی ئەتۆمی ئەنجامدەداتو پێیوابوو، ڕوسیاو چینو کۆریای باکور، تاقیکردنەوەی ئەتۆمی ئەنجامدەدەن.
لەوەڵامی لێدوانەکانی پێشوی ترهمپ، دیمیتری مێدڤێدێڤ جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕوسیا، ڕۆژی چوارشەممە لەپۆستێکدا لەپلاتفۆڕمی "X" نوسیبوی، "کەس نازانێت ترهمپ مەبەستی چی بوو کاتێک باسی تاقیکردنەوەی ئەتۆمی دەکرد، ڕەنگە خۆیشی نەزانێت".
